هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی مەهاباد لەسێدارە درا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی لاوێکی خەڵکی مەهاباد کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

١٧ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١١:٥٩

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی لاوێکی خەڵکی مەهاباد کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٧ی دێسامبری ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی کەماڵ ئەسغەری، خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کراوە.

کەماڵ ئەسغەری لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی دانیال دیوانی ئازەر و دانیال زەینەلعابدین ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ٢٧١٧ (٢٢ی سێپتامبری ٢٠١٧) هاووڕێیەکی دیکەی خۆیان بە ناوی سادق بەرمەکی تەمەن ١٩ ساڵیان بە شێوەیەکی هۆڤانە کوشتوبوو و دواتر تەرمەکەیان ئاگردابوو و فیلمیان لێ هەڵگرتبوو.

ئەو سێ هاووڵاتییە دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی یەکەی مەهاباد حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپا و حوکمەکەیان لەلایەن لقی ٣٧ی دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە. کەسێکی دیکە لە لەو دۆسیەدا بەشدار بوو حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

دانیال زەینەلعابدین لە کاتی شۆڕشی بەندکراوانی بەندیخانەی مەهاباد بۆ بەندیخانەی میاندواو گوازرایەوە و لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست هەنگاو گەیشتووە، بڕیارە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، حوکمی سێدارەی تۆمەتبارێکی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناو دانیال دیوانی ئازەر لە بەندیخانەی مەهاباد جێبەجێ بکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە