هونەرمەندێکی خەڵکی کرماشان لە هەولێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

هەنگاو:یەکێک لە هونەرمەندانی ڕەپێری خەڵکی کرماشان کە بە هۆی ئەو گۆرانیانەی کە سەبارەت بە کوردستان دەیخوێنت ناوبانگی دەرکردبوو، و پێشتریش لەلایەن ه

٢٣ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٢٠:١١


هەنگاو:یەکێک لە هونەرمەندانی ڕەپێری خەڵکی کرماشان کە بە هۆی ئەو گۆرانیانەی کە سەبارەت بە کوردستان دەیخوێنت ناوبانگی دەرکردبوو، و پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، "سامان جرجیس"، شاعیر و گۆرانبێژی خەڵکی کرماشان لە شاری هەولێر پایتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سامان جرجیس کە نزیکەی ١٨ مانگ پێش ئێستا لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان ناچاربوو وڵاتی خۆی بەجێ بهێڵیت و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بێت، بە هۆی کێشەی خێزانی و لە ڕێگای بەکارهێنانی چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ناوبراو ڕۆژێک دوای ئەوەی لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە خۆی کوشتووە.


سامان بێهفەر ناسراو بە "سامان جرجیس"، ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ ( ٢٦ی ژانویە ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە بارمتە ئازاد و دواتر لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان زێدی خۆی بەجێهێشتبوو.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سامان جەرجیس بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی خوێندنی دوو گۆرانی“سنە دژ“ کە دوای گیان لەدەستدانی دەیان هاووڵاتی خەڵکی سنە بە هۆی ڕووداوێکی هاتووچۆی نێوان پاسێک و نەوت هەڵگرێک و گۆرانی“شەرمەندە“ بۆ قوربانیانی بومەلەرزەی کرماشان، دەستبەسەر کراوە.


سامان جەرجیس سەرەڕایی چالاکی لە بواری موسیقای ڕەپ، شێعریشی بە زمانی کوردی کەلهوڕی بۆ هونەرمەندە گۆران بێژەکانی کرماشانی ئامادە کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە