هۆڵەند/ هەوڵی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات درا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی سیاسی ناسراوی کورد و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی هوڵەند هەوڵی کوشتنی درا.

٣١ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٣:٠٥


هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی سیاسی ناسراوی کورد و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی هوڵەند هەوڵی کوشتنی درا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، سادق زەرزا، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری لێواردن (Leeuewarden) هەڵکەوتوو لە باکووری هۆڵەند لەلایەن کەسێکەوە بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و هەوڵی کوشتنی درا.


کەناڵی ( Hart van Netherlands) هۆڵەند پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ١٥ چەقۆی بەر کەوتووە و هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە.


سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، سادق زەرزا نەشتەرگەری بۆ کراوە و باری تەندروستی جێگیرە، بەڵام ئەگەری زۆرە چاوێکی لە دەست بدات.


هەنگاو زانیویەتەی کە سادق زەرزا لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە لە هۆڵەند بووە کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و بۆیە ئەگەری زۆرە کە هۆکاری هەوڵدا بۆ کوشتنی ناوبراو سیاسی بووبێت.


ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانش وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندووە کە هێرشبەرەکە بە ناوی ”ڕ . پ“ خەڵکی شنۆ بووە و ئێستا لە ژێر لێپرسینەوەی پۆلیسی هۆڵەند دایە.


سادق زەرزا چالاکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری شنۆیە. ناوبراو خۆشکەزای د.عەبدورەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە ڕێکەوتی ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩ لە سەر میزی وتوێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئێران لە شاری ڤیەن، پایتەختی ئوتریش (نەمسا) تیرۆر کرا.


وەزیری دەرەوەی هۆڵەند ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە، کۆماری ئیسلامی ئیران دەستی هەبوو لە داڕشتنی پلانی تیرۆری دوو چالاکی سیاسی ئێرانی لەو وڵاتەدا. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەحمەد نیسی، دامەزرێنەری “بزووتنەوەی ئازادی بەخشی ئەل ئەحەواز” و “محەمەد ڕەزا کولاهی سەمەدی” ئەندامی موجاهدینی خەڵک لە وڵاتی هوڵەند و بەدەستی دەست و پەیوەندییەکانی ئێران تیرۆر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە