هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی سپا بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات

هەنگاو: فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە ناوچە سنوورییەکانی.

٨ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٤:١٩

 

هەنگاو: فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پیرانشار بوردمان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیمەڕۆی ئەمڕۆ شەممە (٨ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ٣٠ی سیپتامبری ٢٠١٨)، فڕۆکەیەکی شەڕکەری سپای پاسداران کوێستانی کۆدۆی لەنێوان چۆمان و پیرانشار بوردمان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هێرشە ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە کاتژمێر ١٢ی نیمەڕۆ ئەنجام دراوە.

لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە لە ئەنجامی ئەو بوردمانەدا پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بووە.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمجارە کە سپای پاسداران بە فڕۆکە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی دێموکرات لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشتر تەنیا بە تۆپخانە و هاوەن ئەو ناوچانەی بوردمان کردبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە