هێرشی چەکدارانی نەناسراو بۆ سەر ماڵی ژنە چالاکێکی مافی ژنان لە سەردەشت

هێرشی چەکدارانی نەناسراو بۆ سەر ماڵی ژنە چالاکێکی مافی ژنان لە سەردەشت

11:40 - 23 September 2021

 

هەنگاو: لە پاش ئەوەی ناوی ژمارەیەک دەستدرێژکەر بۆ سەر ژنان  و کچانی سەردەشت لە لایەن چالاکانی مەدەنی و لە ئەکاونتی ئینستاگرامی فێمێنیسمی کوردییەوە بڵاو کرایەوە، کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی یەکێک لە چالاکانی مافەکانی ژنان لەم شارە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢١)، کەسانێکی نەناسراوە بە نارنجۆک ماڵی باوکی ناسکە ئەفخەمی، چالاکی بواری مافەکانی ژنانیان لە گەڕەکی جانبازانی سەردەشت کردووەتە ئامانج.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەم هێرشەدا کە هاوشێوەی نەبووە، زیانێکی ماددیی زۆر بە ماڵی حەسەن ئەفخەمی گەیشتووە بووەتە هۆی پێکهاتنی ترس و دڵەڕاوکێ لە لای باوک و دایکی بەساڵاچووی ناسکە ئەفخەمی.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەفخەمی لەمبارەیەوە بە پەیامنێری هەنگاوی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ کەسێکی نەناسراو پەیوەندیی بە خوشکی ناسکەوە گرتووە و داوای لێ کردووە گوشار بخرێتە سەر ناسکە بۆ ئەوەی ناوی ئەو کەسانەیان بۆ ئاشکرا بکات کە ناو و شوناسی دەستدرێژیکەرەکانیان بۆ ئاشکرا کردووە.

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی سەردەشت لەگەڵ چەند لاپەڕەی ئینستاگرامی چالاک لە بواری مافەکانی ژنان، بە بڵاو کردنەوەی چەند بابەتێک، تیمێکی چەند نەفەرەی دەستدرێژیکەری سەر ژنان و کچانی سەردەشتیان ئاشکرا کردبوو کە ئەمە کاردانەوەیەکی زۆری بەدوادا هاتبوو.

ناسکە ئەفخەمی تەمەنی ٢٩ ساڵە و لە بواری مافەکانی ژنان و کۆمەڵگای کۆلکەزێڕینەدا چالاکی دەکا و چەندین ساڵە لە وڵاتی سویس نشتەجێیە.