هەنگاو بکوژانی ژینگەپارێزانی مەریوان ئاشکرا دەکات

هەنگاو: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هەنگاو لە چەند سەرچاوەی باورپێکراو پێی گەیشتووە، چەند کەس لە ئەندامانی شۆرای شاری مەریوان و سپای پاسداران ، تاوانبارانی .

٦ خەرمانان ٢٧١٨، ٠٠:٣٥

 

هەنگاو: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هەنگاو لە چەند سەرچاوەی باورپێکراو پێی گەیشتووە، چەند کەس لە ئەندامانی شۆرای شاری مەریوان و سپای پاسداران ، تاوانبارانی سەرەکی کوژرانی شەریف باجوەر و هاورێکانی بوون.

یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان، ڕۆژی هەینی ٢ی خەرمانان، زانیارییەکی لەسەر کێشەی زبڵی مەریوان بۆ هەنگاو ناردبوو و رایگەیاندبوو کە ڕۆژی یەکشەممە و دوایی دانیشتنی شۆرایی شاری مەریوان، بڵاوی بکەنەوە هەتا هەموو خەڵکی مەریوان لە پیلانی ئەندامانی شۆرایی شار و سپای پاسداران ئاگادار بن.

بەپێی ئەو زانیاریانە، سێ کەس لە ئەندامانی شۆرای شاری مەریوان بە ناوەکانی کەریم موحەممەدی، بەرپرسی شۆرا شار و ئەندامی ئیدارەی ئیتلاعات، عەوڵا ئەمانی و سروە شابازی بە هاوکاری سپای پاسداران دەیانهەوێ شوێنی زبڵەکانی شاری مەریوان بۆ ئاوایی شارانی لە ١٥ کیلو متری ڕێگای سنە بگوازنەوە.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاند، سپای پاسداران بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژە ٢٢ میلیارد تمەن پارەی وەر گرتووە، تا بە بیانووی دروست کردنی کارگەی ریسایکڵی زبڵ، پاڵاوگەی نەوت دروست بکەن کە پێشتر ناوەندە ژینگەپارێزیەکانی مەریوان دژایەتی خۆیان لەسەر ئەو پرۆژەیە دەربڕیبوو و پیشیان پێ گرتبوو.

شەریف باجوەر، یەکێک لە دژبەرە سەرەکییەکانی گواستنەوەی زبڵی مەریوان بۆ ئاوایی شارانی بووە و ئەم بابەتە ببووە هۆی زەختی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەسەر ناوبراو.

ڕۆژی یەکشەممە بڕیار وابوو کە شۆرای شاری مەریوان بریاری کۆتایی خۆی لەسەر ئەم بابەتە ڕابگەیەنێت، بەڵام ڕۆژێک پێش بریاری شۆرا، لە ئاگرکەوتنێکی زۆر گووماناویدا، شەریف باجوەر و سێ هاورێی دیکەی بە ئەو جۆرەی کە باس کراوە، بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست دا. سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە  ئەو ناوچەیە پێشتر مینرێژ نەبووە و لەکاتی گیان لە دەست دانی ئەو ٤ ژینگەپارێزە، دەنگی تەقە لەو شوێنە هاتووە.

ئەوەیکە ئەم بابەتە گووماناوی دەکات، ناردنی کۆپتەر بۆ شوێنی ئاگرەکەیە، بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان، لە ماوەی ساڵانی پێشوو، هیچ کات بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لەو ناوچەیە کەڵک  لە کۆپتەر وەر نەگیراوە.

ئەو کۆپتەرە، کەسێکی تەمەن ٥٧ ساڵانی بە ناوی محەممە مرادوەیسی کوری ئەحمەد کە وتراوە تووشی سووتانێکی زۆر بووە بۆ شاری سنە گوازراوەتەوە و تا ئێستا بۆ شاری مەریوان نەگوازراوەتەوە. بەڵام کوری محەممەد ڕایگەیاندووە کە باوکی تەنیا ناو لەپی سووتاوە.

بە پێی ئەو زانیاریە نوێیانەی کە بە ڕێکخراوی هەنگاو گەیشتووە، کەسێکی دیکە بە ناوی (ئێقباڵ مورادی) کە پێشتر بەندکراوی سیاسی بووە، لەگەڵ شەریف باجوەر و هاوڕێکانی لە شوێنی ڕووداوەکە بووە و گیانی لە دەست نەداوە، کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ شاری سنە گوازراوەتەوە، لە حاڵی حازردا تەنیا شاهیدی ئەم ڕوداوە گووماناویە ئەو کەسەیە و گیانی لە مەترسیدایە.

دوایی گەیشتنی ئەم ڕاپۆرتانە و بە دواداچوونەکانی هەنگاو، چەند کەس نزیک لە بنەماڵەی شەریف باجوەر ڕایانگەیاند لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، شەریف لەلایەن کەریم محەممەدی بەرپرسی شۆرای شاری مەریوانەوە هەرەشەی لێ کراوە و پێ گوتراوە کە دەبێت لە بەرپرسایەتی ئەنجوومەنی سەوزی چیا واز بێنێت، دەنا رێگەی دیکە لە بەرانبەری دەگرنە پێش.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا وتی، کەریم محەممەدی بە شێوەی فەرمی هەڕەشەی کوشتنیان لە  ئۆمێد حوسێن زادەکردووە. ئۆمێد سێ ڕۆژ پێش لە مەرگی لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەی خۆیاندا ئەم بابەتەی باس کردبوو و وتبووی محەمەدی وتووە هەتا دوو ڕۆژی دیکە یان تۆ لە سەر ئەرز دەبیت یان من.

هەنگاو لە ڕێگەی سەرچاوەکانی خۆی زانیویەتی کە دە ڕۆژ پێش پارێزگاری سنە لە کۆبونەوەیەک لەگەڵ ئەندامانی شۆرای تەئمینی مەریوان، سپای پاسداران و ئیتلاعاتی مەریوان کە لە یەکێک لە باخەکانی مەریوان بەرێوەچووە، ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە لابردن و سڕینەوەی شەریف باجور کردبوو.

شەریف باجوەر پێشتر چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوایی ئازادی بە دۆستانی خۆی ڕاگەیاندبوو کە داوایان لێم کردووە واز لە ئەنجومەنی سەوزی چیا بێنم و لە بەرانبەردا مۆڵەتی دووکانەکەم کە تەنیا رێگە و سەرچاوەی دارایی بنەماڵەکەمە پێم ئەدەن و و ئەگەریش بمهەوێ دووکانێکی گەورەترم پێ ئەدەن.

دووکانە چووکەکەی شەریف باجوەر پارەکە لەلایەن هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی مەریوانەوە سوتێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە