واحید شێخ محەممەدی سزای ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٥:١٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا واحید شێخ محەممەدی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ئاڵیاوێ» سەر بە شاری شنۆ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر «ڕەزایی» سزای ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

ئەو سزایە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە سەر ناوبراودا سەپاوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە. دانیشتنی دادگای واحید شێخ محەممەدی کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچووە.

واحید شێخ محەممەدی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠) ٣٠ی جەنیوەری ٢٠٢١ (هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر و دوای ٤٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە کە واحید شێخ محەممەدی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە