وردەکاریی زیاتر لەسەر کوژرانی دوو برای کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە

هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پیرانشار ئوتۆمبێلی هاووڵاتییەکی کوردیان دایە بەر دەسڕێژ و دوو برایان کوشت و تەرمەکانیشیان ڕادە

٧ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ١٥:٣٣

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پیرانشار ئوتۆمبێلی هاووڵاتییەکی کوردیان دایە بەر دەسڕێژ و دوو برایان کوشت و  تەرمەکانیشیان ڕادەستی بنەماڵەی کوژراوەکان نەکردووەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (٢٤ی فێوریە ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی پێكهاتوو لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای هەمزەی سپای پاسدارانی ئورمیە، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی شیناوێ بۆ زەیدان، ئوتمبێلێکی جۆری وانێت پەیکانیان دایە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا دوو برای سەرنشینی ئەو ئوتۆمبێلە بە ناوەکانی عەبدوڵلا نادری و عوسمان نادری کوژراون.

بە گوتەی شایەدحاڵێکی ڕووداوەکە هێزە ئەمنییەکان بە سێ ئوتۆمبێلی هایلۆکس لە ئورمیەوە هاتبوون و بەر لەوەی وانێت پەیکانەکە ڕاوەستێ دایانە بەر دەسڕێژ و دوو سەرنشینی ئوتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە.

هیزە ئەمنییەکان تەرمەکانی ئەو دوو برایەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان تا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەست نەکردوونەتەوە. شەوی ڕابردووش دەیان کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی نادری لە پێش ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کۆبوونەوە و باوک و دایک و چەند خزمی تری کوژراوەکان بۆ چەند کاتژمێر دەستبەسەر کران.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک پووچەڵ کردنەوەی پلانێکی "تیرۆریستی" لە پیرانشار و کوژرانی دوو کەسی ڕاگەیاند. تیرۆریست ناوبردنی ئەو دوو کەسە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتێکدایە کە ئەوان هاووڵاتیی مەدەنی و دانیشتووی شاری پیرانشار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە