پارێزەرێکی کورد لە ئورمیە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: پارێزەرێکی ناسراوی خەڵکی ئورمیە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

١٩ بەفرانبار ٢٧١٨، ٠٠:٥٤

 

هەنگاو: پارێزەرێکی ناسراوی خەڵکی ئورمیە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٨ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ٨ی ژانویەی ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە مەسعوود شەمس نژاد یەکێک لە پارێزەرە ناسراوەکانی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پارێزەرە کوردە لە کاتی دانیشتنی دادگای یەکێک لە بریکارەکانی (موکل) دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردنی ئەو پارێزەرە کوردە، هەڵیان کوتاوەسە سەر شوێنی کارەکەی و دواتر ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر کەرەستە تایبەتی و بەڵگەنامەکانیدا گرتووە.

مەسعوود شەمس نژاد دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی گوازراوەتەوە.

ئەو پارێزەرە کوردە پێنج ساڵ پێشیش دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە