پاییزی خوێنینی کۆڵبەران، کوژران و برینداربوونی ٧٨ کۆڵبەر لە سێ مانگدا

هەنگاو: لەماوەی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا دەیان کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە زۆربەیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون

٣٠ سەرماوەز ٢٧١٨، ١٥:٠٢

 

هەنگاو: لەماوەی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا دەیان کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە زۆربەیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون. ٨٣٪ی قوربانییەکانی ئەم وەرزە بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی سی مانگی وەرزی پاییزی ئەمساڵ (٢٧١٨)، لانیکەم ٧٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە لەو ژمارەیە ٢٥ کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە و ٥٣ کۆڵبەریش بریندار بوون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ٢٥ کۆڵبەرەی کە گیانیان لە دەست داوە ١٦ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٦ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو هەرەسی بەفر، سەرما و جەڵتە، ٢ کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین و کاسبکارێکیش بە هۆی ڕووداو هاتووچۆ لەکاتی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.

زیاترین کۆڵبەر لە پارێزگای ئورمیە گیانیان لە دەست داوە کە لەو ماوەیەدا ١٥ کۆڵبەر کوژراون، لەپارێزگای سنە ٦ کۆڵبەر و لەپارێزگای کرماشانیش ٤ کۆڵبەر کوژراون.

هەروەها لە کۆی ئەو ٥٣ کۆڵبەرەی کە بریندار بوون ٥٠ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٢ کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین و کۆڵبەرێکش بە هۆی بەربوونەوە لەبەرزایی بریندار بوون.

زیاترین ڕێژەی برینداربوونی کۆڵبەرانیش هەر لەپارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە ٤٢ حاڵەت بووە، ١٠ کۆڵبەر لە پارزگای سنە و کۆڵبەرێکیش لە پارێزگای کرماشان بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، زیاتر لە ٨٣٪ی ئەو کۆڵبەرانەی کە وەرزی پاییزی ئەمساڵ لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە دەکاتە ٦٥ حاڵەت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە