پێش بە لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بگرن

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو خوازیاری دژکردەوەی هەمەلایەنەی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان بە نیسبەت ڕاگواستنی هیدایەت عەبدوڵاپوور

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٢٢:٥٨


هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو خوازیاری دژکردەوەی هەمەلایەنەی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان بە نیسبەت ڕاگواستنی هیدایەت عەبدوڵاپوور و پێشگرتن بە ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەەی ئەو بەندکراوە سیاسیەیە.


بانگەوازی هەنگاو بۆ کردەوەی بەپەلە بە مەبەستی پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵاپوور.


بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو گەیشتووە و بۆ ئێمە پشتڕاشت کراونەتەوە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەتییەکانی بەندیخانەی ئورمیە، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسیی کوردیان لە بەندیخانە بردووەتەوە دەرەوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو بە سەرنجدان بە بەڕێچوونی زنجیرەیی لەسێدارەکان لە بەندیخانەکانی سنە، کرماشان و ئورمیە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕادەگەیەنێت و لە هەموو ڕێکخراو، ناوەند و هەروەها چالاکانی مافی مرۆڤی خوازیارە کە بە شێوەیەکه جیددی هەوڵەکانی خۆیان بۆ پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە بخەنە گەڕ.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.


هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە