پێنج بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئورمیە سزای ٢٥ ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕایەوە

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بەندکرابوون، لە لایەن دەسەڵاتی

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٧:٣٣

 

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە بەندکرابوون، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانەوە، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی: کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی، ئومێد سەعیدی، عەبدولعەزیز محەمەدپوور و نائیب (مەسعوود) حاجی پوور، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە، بە تۆمەتی چالاکی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا، هەر کامیان سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

دانیشتنی دادگای ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە، سەرەتای سەرماوەزی ئەمساڵ و بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بەڕیوە چووبوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بڕیاری دادگا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە شێوەی فەرمی بەو کەسانە ڕاگەیاندراوە.

ئەم پێنج هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئورمیەوە دەستبەسەر کرابوون و پاش مانگێک لێپێچینەوە، گوازرابوونەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە.

ئێستا کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و ئومێد سەعیدی لە بەندی لاوان، عەبدولعەزیز محەمەدپوور لە بەندی سێ، و نائیب حاجیپوور لە بندی ٢-١ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە