پێنج هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی پیرانشاری بە بارمتە ئازاد کران

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار دوای ئەوەی کە تۆمەتەکەیان پێڕاگەیەندرا، بە بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١١:٢٧

 

هەنگاو: پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار دوای ئەوەی کە تۆمەتەکەیان پێڕاگەیەندرا، بە بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢١) ١٣ی مارسی ٢٠٢٢)، ئەنوەر شێخە تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی پەسوێی پیرانشار دوای زیاتر لە ٤ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

هاوکات چوار هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ڕەحیم عەلیزادە، محەممەد قادر پوور، ڕەحمان قادری و ناسر بایزیدی کە کۆتایی مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەرکەوتووە کە ئەم پێنج هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەکانی سوپا و ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ پیرانشار گوازرانەتەوە و دوای ئەوەی لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشارەوە تۆمەتەکانیان پێ ڕاگەیەندراوە، بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراونەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم پێنج هاووڵاتییە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی هاوکاری حیزبێکی کوردستانی خراوەتە پاڵیان.

ئەنوەر شێخە ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ (لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرابوویەوە.

هەر یەک لە ڕەحیم عەلیزادە، محەممەد قادر پوور، ڕەحمان قادری و ناسری بایزیدی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێبریوەری ٢٠٢٢) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرابوونەوە.

.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە