پێنج هاووڵاتیی کورد کە یەکێکیان ژن بووە لە ئورمیە لەسێدارە دران

پێنج هاووڵاتیی کورد کە یەکێکیان ژن بووە لە ئورمیە لەسێدارە دران

11:04 - 2 October 2018

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی پێنج هاووڵاتیی کورد کە بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (١٠ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی پێنج هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ کراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی سێ کەس لەوانەی کە لەسێدارە دراون بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

١ـ زەینەب سکانوەند

٢ـ سەلمان خان عەلیلوو

٣ـ حەسەن حاجیلوو

 

ئەو پێنج کەسە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست (قەتڵ) دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

زەینەب سکانوەند تەمەن ٢٤ لەکاتی ئەنجامدانی تاوان تەنیا ١٧ ساڵ تەمەنی هەبووە و ماوەی ٧ ساڵ بوو کە لەبەندیخانە ڕاگیرابوو.

فیلیپ لۆتێر، یەکێک لە بەرپرسانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی شەوی ڕابردوو  بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کردبوو کە دەستبەجێ لەسێدارەدانی زەینەب ڕابگرن.

 

ناوبراو دواتر ڕایگەیاندبوو کە زەینەب سکانوەند لەکاتێکدا بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی دەستبەسەر کراوە کە تەمەنی کەمتر بووە لە ١٧ ساڵ و لە تەمەنی ١٥ ساڵان بە شوو دراوە. ناوبراو لەکاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە مێرمندال بووە و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی نەکراوە.