پەنابەرێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی لە UN نی هەولێر هەوڵی خۆکوشتنی دا

هەنگاو: مانگێک پاش خۆسووتاندنی بێهزاد

١ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٢٢:٥٥

 

هەنگاو: مانگێک پاش خۆسووتاندنی بێهزاد مەحموودی لە بەرانبەر نووسینگەی UN لە هەولێری باشووری کوردستان، ئەمجارە پەناخوازیاێکی خەڵکی نەغەدە لە یەکێک لە دامەزراوەکانی سەر بەم ڕێکخراوەیە دەستی دایە خۆکوژی.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۳۱ی جۆزەردانی ۲۷۲۱ (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢١)، پەناخوازێکی سیاسیی خەڵکی نەغەدە بە ناوی "فەردین گرامی"، ۲۳ ساڵە، لە ناو ڕێکخراوی قەندیلی سەر بە UN لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستی دایە خۆکوژی بەڵام بە هەوڵی خێرای ئەو کەسانەی لە شوێنەکە بوون، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە مردن ڕزگاری بوو.

یەکێک لە کەسانی نزیک لە فەردین گرامی، لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، فەردین بە هۆی بەدوادانەچوون بۆ داواکارییەکانی لە لایەن ڕێکخراوی قەندیلەوە بە خواردنی چل دانە حەب هەوڵی خۆکوشتنی دا بەڵام خێرا گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری و لە لایەن ستافی پزیشکیی نەخۆشخانەوە لە مەرگ ڕزگاری بوو.

فەردین گرامی کە ماوەی چوار ساڵە وەک پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەژی، لەمبارەیەوە  بە هەنگاوی ڕاگەیاند:“من داوام لە بەرپرسانی UN کردبوو یارمەتیی بنەماڵەی هاوڕێم بێزاد مەحموودی بدەن بەڵام ئەوان قەبووڵیان نەکرد و وتوویانە ۳٦۰ هەزار دیناری عێراقی (نزیکەی٢٠٠ دۆلار) دەدەین بە خۆت، بەڵام من قەبووڵم نەکرد.”

بێهزاد مەحموودی، پەنابەری ۲٥ ساڵەی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی سێ سەممە ۲٨ی بانەمەڕی ۲۷۲۱ (١٨ی مای ٢٠٢١)، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە پێشێل کرانی مافەکانی وەک پەنابەرێک و هاوکاری نەکرانی لە لایەن UNەوە، خۆی سووتاند و پاش حەفتەیەک بە هۆی سووتانی ۹۳٪ی لەشی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر، گیانی سپارد.

فەردین گرامی، یەکێک لە هاوڕێیانی نزیکی بێهزاد بووە کە لە کاتی خۆ سووتاندنەکەی لەبەر دەرگای UN لەگەڵی بووە.

لە پاش خۆسووتاندنی بێهزاد مەحموودی، پەناخوازانی کوردی نشتەجێی هەرێمی کوردستان، چەند جار لە بەرانبەر نووسینگەی UN کۆ بوونەوە و لەگەڵ نوێنەرانی ئەم ڕێکخراوەیە دیداریان هەبوو، بەڵام تا ئێستا وڵامێکی ڕوونیان بۆ داواکارییەکانیان وەرنەگرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە