پەنجا بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە گومانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنایان لە سەرە

هەنگاو: دەیان بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە گومانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە.

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٠:٥٥


هەنگاو: دەیان بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە گومانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٦ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، پەنجا بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندی ١٥ی بەندیخانەی ئورمیە کە گومانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنایان لە سەر بووە، بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە و دوای ٢٤ کاتژمێر هێشتا هیچ یەک لەو بەندکراوانە نەگڕێندراونەتەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیە لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، گواستنەوەی بە کۆمەڵی ئەو ٥٠ بەندکراوە نیگەرانی باقی بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە لێکەوتووەتەوە.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، ئەگەر ئەو بەندکراوانە سەرلەنوێ بگەڕێندرینەوە بۆ ناو بەندیخانە، لەو ڕووەوە کە ٥٠ بەندکراوی بەندیخانەی مەهاباد کە بۆ ئورمیە دوورخراونەتەوە هێشتە لا قەرەنتینەی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون، شوێنی باقی بەندکراوەکان نابێتەوە و ئەمەش مەترسییەکی دیکەیە کە باقی بەندکراوان لەگەڵی بەرەوڕوون.

لە بەندی ١٥ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە نزیکەی ٤٥٠ بەندکراو ڕاگیراون.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانیکەم ٣ بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە کە کەسیکیان ژن بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە