پەیام مینبەری و شێڕکۆ مینبەری مانیان لە خواردن گرتووە

هەنگاو: دوای ناجێگیر بوونی باری تەندروستی پەیام مینبەری هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی نییەر، ناوبراو لەگەڵ شێرکۆ مینبەری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕ

٧ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٤:٥٨

 

هەنگاو: دوای ناجێگیر بوونی باری تەندروستی پەیام مینبەری هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی نییەر، ناوبراو لەگەڵ شێرکۆ مینبەری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بە نەگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە مانیان گرتووە.

بەگوێڕەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەیام مینبەری تەمەن ٣٣ ساڵ و شێرکۆ مینبەری لە کۆتایی حەفتەی ڕابردووە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەناردنی پەیام مینبەری بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە، مانیان لە خواردن گرتووە.


هەنگاو زانیویەتی، پەیام مینبەری ماوەیەک پێش دەستبەسەرکرانی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا سێ لە مۆرەکانی پشتی بە سەختی تووشی ئازار بووە و بە هۆی ئەشکەنجە و زەخت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سێ لە مۆرەکانی دیکەی بڕبڕەی پشتی ئازاریان پێ گەیشتووە و پێویستی بە پێ ڕاگەیشتنی خێرای دەرمانی و گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی لە دەرەوەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات هەیە کە تا ئێستا بەرپرسانی ئەم ناوەندە ئەمنییە ئیزنیان نەدا پەیام مینبەری بچێتە ناوەندە دەرمانییەکان و هەر بۆیەش ئەو دوو کەسە مانیان لە خواردن گرتووە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە پەیام مینبەری (کاکۆ) لە ماوەی ڕابردوودا بێبەش بووە لە هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی.


پەیام مینبەری ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٩ی ژانویەی ٢٠٢٢ (و لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرا و شێرکۆ مینبەری هەمان ڕۆژ دوای بانگ کران بۆ ئەو ناوەندە ئەمنییە دەستبەسەر کراوە.


ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی نزیک ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

شێرکۆ مینبەری ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١) و پەیام مینبەری ١١ی بانەمەڕی (١ی مەی) دەستبەسەرکران و پاش چوار مانگ ڕۆژی شەممە ٦ی جۆزەردان (٢٨ی ئاگۆست) هەر کام بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەن و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە