پەیام مینبەری لە شاری سنه دەستبەسەر کرا

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری سنە، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی گوندی نییەر

١١ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١٢:٢٩

 

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری سنە، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی گوندی نییەر سەربە بەشی ژاوەرۆی رۆژهەڵاتی سنە دەستبەسەر کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١ی مەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هاووڵاتییەکیان بە ناوی “پەیام مینبەری”تەمەن ٣٣ ساڵ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنیەکان پەیام مینبەریان لە پێش دەرگای گۆڕستانی "بەهەشت محەمەدی" شاری سنە لە حاڵێکدا لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی یەکێک لە خزمەکانی بووە دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەرهۆکاری دەستبەسەرکردنی پەیام مینبەری و ئەو تۆمەتانەی کە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وەپاڵی خراوە، لە بەر دەستدا نییە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ١١ هاووڵاتیی خەڵکی سنە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کران کە لەم رێژەیە سێ کەسیان خەڵکی گوندی نییەر بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە