چارەنووسی زارا محەمەدی پاش سێ حەفتە هێشتا ناڕوونە

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە سێ حەفتە لە دەستبەسەر کرانی زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی و ک.

٢١ جۆزەردان ٢٧١٩، ٢٠:٤٩

 

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە سێ حەفتە لە دەستبەسەر کرانی زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، چارەنووسی ناوبراو هێشتا ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی زارا محەمەدی و بەڵێنی بەرپرسانی ئەمنی بە نیسبەت دادگایی کردن و ئازاد کردنی ناوبراو، زارا هێشتا دادگایی نەکراوە و چارەنووسی نادیارە.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە (٢ی جۆزەردان/ ٢٣ی مەی) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران.

بنەماڵەی زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە (٩ی جۆزەردانی ٢٧١٩ / ٣٠ی مەی ٢٠١٩)،توانیبوویان پاش ٨ ڕۆژ بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لەگەڵ ڕۆڵەکەیان دیدار و چاوپێکەوتنیان هەبێت.

زارا محەمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی وەژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە