چارەنووسی سێ ئەندامی دەستبەسەر کراوی ڕێکخراوی نۆژین نادیارە

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی سێ مانگ لە دەستبەسەر کرانی بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە و بەرپرسی لقی کامیارانی ئەو ڕێکخراوە و یەکێکی دیک

١ خەرمانان ٢٧١٩، ٢٢:٤٩

 

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی سێ مانگ لە دەستبەسەر کرانی بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە و بەرپرسی لقی کامیارانی ئەو ڕێکخراوە و یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە کامیاران، چارەنووسیان نادیارە و ئەمەش نیگرانی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، ماوەی سێ مانگە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی زارا محەمەدی، ئەو بنەماڵەیە لە ١٥ی پووشپەڕەوە (واتە لە ٤٥ ڕۆژ پێشەوە) هیچ ئاگایان لە دۆخی کچەکەیان نیە و نازانن کە لە کوێ ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی سنە بە بنەمالەی زارایان ڕاگەیاندووە ناوبراو هەرجۆرە پەیوەندی و چاوپێکەوتنێکی لێ قەدەغە کراوە. هەروەها بنەماڵەی زارا دوو کەسیان وەکوو پارێزەر ناساندووە کە لەلایەن دادگاوە ڕەد کراوەتەوە.

زارا محەمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێولان، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردان (٢٣ی مەی ٢٠١٩) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام زارا هێشتا دەستبەسەرە.

لەلایەکی دیکەوە، دوای نزیک بە دوو مانگ لە دەسبەسەر کرانی سیروان ئیبراهیمی، بەرپرسی لقی نۆژین لە کامیاران و منەت ڕەحمانی ئەندامی چالاکی ئەو رێکخراوەیە لە کامیاران، ئەو دوو کەسەش چارەنووسیان ناڕوونە و هەوڵەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان بێ ئاکام ماوتەوە.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی پووشپەری ٢٧١٩ ( ٢٦ی ژوئیەی ٢٠١٩)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەو دوو چالاکە مەدەنییە دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراونەتەوە و دوای دەستەبسەر کردنی ئەوان زارا محەمەدیش  لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێ بەش کراوە و ئەمەش نیگرانی لای بنەماڵەی ئەو سێ چالاکە مەدەنییە دروست کردووە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە