چارەنووسی کەیوان مینویی مامۆستای زمانی کوردی دوو مانگه نادیارە

هەنگاو: دوای دوو مانگ لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی و ژینگەپارێزێکی خەڵکی مەریوان هیچ زانیارییەک لە

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢١، ٠١:٢٠

 

هەنگاو: دوای دوو مانگ لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی و ژینگەپارێزێکی خەڵکی مەریوان هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو مانگ  لە دەستبەسەرکرانی کەیوان مینویی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز و هەروەها مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی مەریوان، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەیوان لەو دوومانگەدا لەمافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و هەمەش بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی بنەماڵەکەی. هەنگاو زانیویەتی ئە ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی دوای دەستبەسەر کران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری سنە گوازراوەتەوە.

کەیوان مینویی دەرچووی بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی پەیامی نووری مەریوانە و هەروەها ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی فەرهەنگی ڤەژین و ئەنجومەنی سەوزی چیای ئەو شارەیە.

جێگای ئاماژەیە کە کەیوان مینویی لە ئەنجومەنە خوێندکارییەکانی زانکۆی پەیامی نوور و هەروەها ئەنجومەنی ڤەژین سەرقاڵی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی بووە.

کەیوان مینویی خەڵکی شارەدێی “نێ” سەر بە مەریوان بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە هاوڕێ لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە دەستبەسەر کرا.

جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی کەیوان مینویی دەستیان بە سەر ئامێری مۆبایل و باقی کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیدا گرتووە.

پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی دیکە بە ناوەکانی ئیدریس بەهرامی، فەرید درەخشانی، محەمەد محەمەدی، عەبدوڕەحمان ئاشتەک و عەبدوڕەحمان ئەفشار پاش یەک مانگ هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە