چالاکێکی سیاسی کورد بە مەبەستی بەندکران و لێدانی قامچی بانگی بەندیخانەی ئێڤین کرا

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد و دانیشتووی تاران کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە حوکمی بەندکران و لێدانی قامچی بە سەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێ ک

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:٤٧


هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد و دانیشتووی تاران کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە حوکمی بەندکران و لێدانی قامچی بە سەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بانگی لقی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دادسەرای بەندیخانەی ئێڤینی تاران کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەحمەدڕەزا حائێری، چالاکی سیاسی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٦ مانگ بەندکران ولێدانی ٧٤ قامچی لەلایەن لقی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دادەسەرای بەندیخانەی ئێڤینی تاران بانگ کراوە.


ئەحمەدڕەزا حائێری چالاکی سیاسی و یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەیەک لە ژێر ناوی ”پێنجشەممەی ڕەشی ئێڤین“ بووە. ئەو چالاکە سیاسیە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی حوکمی ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر بەرزگەر وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.


دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەرانی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە، کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩ ئەحمەدڕەزا حائێری لەلایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی بە تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی حکوومەت، کۆبوونەوەی نایاسایی و تێکدانی تەکووزی کۆمەڵگا حوکمی ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی بە سەردا سەپا.


دۆسیەی پێنجشەممەی ڕەشی ئێڤین دەگەڕێتەوە بۆ ٢٨ی خاکەلیوەی ٢٧١٤ (بەهاری ٢٠١٤) کە گاردی تایبەت بە بیانووی پشکنینی بەندی ٣٥٠ی بەندیخانەی ئێڤین ڕژانە ناو ئەو بەندە و بەندکراوانیان دایە بەر لێدان و کوتان کە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە