چالاکێکی سیاسی کورد مەترسی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێرانی لە سەرە

هەنگاو: ئیدارەی پەنابەرانی ئاڵمان داوای پەنابەری چالاکێکی سیاسی کوردی ڕەتکردوەتەوە و ئەگەری زۆرە کە بۆ ئێرانی دییپۆرت بکاتەوە.

٢١ خاکەلێوە ٢٧١٩، ١٩:٥١

 

هەنگاو: ئیدارەی پەنابەرانی ئاڵمان داوای پەنابەری چالاکێکی سیاسی کوردی ڕەتکردوەتەوە و ئەگەری زۆرە کە بۆ ئێرانی دییپۆرت بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، داوای پەنابەری نادر ئەڵڵایاری، چالاکی سیاسی کورد لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی ئاڵمانەوە ڕەتکراوەتەوە و بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە کە بۆ ئێران دیپۆرت دەکرێتەوە.

نادر ئەڵڵایاری تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزە کە بۆ ماوەی ١٧ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پیشتریش بۆ ماوەی ٣ سال لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەندکراوە.

ناوبراو کە ئێستاش ئەندامێکی چالاکی حدکایە، ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ بنەماڵەکەی چووەتە ئاڵمان و داوای پەنابەرێتی لەو وڵاتە کردووە.

یەکێک لە نزیکانی بەڕێز ئەڵڵایاری لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، هەر جەند حدکا بەڵگەی پێویستی ڕادەستی دەزگای دادوەریی ئەلمان کردووە، بەڵام ئیدارەی پەنابەرانی ئەڵمان بۆ چەندەمین جار وڵامی ڕەدی پێداوەتەوە و ئەمجارە مەترسی دیپۆرت کردنی بۆ ئێرانیشی لە سەرە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین چالاکی سیاسی کورد لەلایەن وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە و چەند کەسیان چارەنووسیان نادیارە.

هەر بۆیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو هەوڵەی حکومەتی ئاڵمان مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو چالاکان و ناوەندەکانی ماف مرۆڤ دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان لەمەڕ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کردنەوەی ناوبراو بخەنە گڕ.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە