چالاکێکی سیاسی کورد و بنەماڵەکەی مەترسیی دیپۆرتکرانەوەیان لەسەرە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا کە ماوەی پێنج ساڵە لە گەڵ بنەماڵەکەی وەکوو پەناخواز ڕوویان لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، داوای پەنابەرێتییەکەیان ڕەد

٢٤ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٦:٢٥

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا کە ماوەی پێنج ساڵە لە گەڵ بنەماڵەکەی وەکوو پەناخواز  ڕوویان لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، داوای پەنابەرێتییەکەیان ڕەد کراوەتەوە و ئێستا مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانیان لە سەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هیوا مرادی لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی ”ئاڵا فەتحی“ لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەنابەرانی ئەڵمانیا ئاگادار کراونەتەوە کە بە زوویی دیپۆرتی ئێران دەکرێنەوە. هەتا ئێستا دوو جار داوای پەنابەری ئەم خێزانە کوردە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەنابەریی ئەلمانیا ڕەد کراوەتەوە.

ئەو خێزانە کە دوو منداڵیشیان هەیە، لە سەرەتای پاییزەوە لە هەموو مافێک بێبەش کراون و پۆلیسی ئەڵمانیا ماوەی ٤ حەوتوو مۆڵەتی پێیان داوە و ئەگەر لەو ماوەیەدا ئەو وڵاتە جێنەهێڵن ئەوا دیپۆرتی ئێران دەکرێنەوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە و هاوژینەکەی ماوەی ٧ ساڵ ئەندامی کۆمەڵە بوون و لەو ڕووەوە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی موحاربەی بە سەردا سەپاوە، لەگەری دیپۆرتکرانەوەی بۆ ئێران، گیانی خۆی و خێزانەکەی لە مەترسی دەکەوێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری دیپۆرتی هیوا مورادی و خێزانەکەنی بە ناوی ئاڵا فەتحی بۆ ئێران دەردەبڕێت و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ناوەندە مرۆڤدۆستەکان دەکات کە هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە دیپۆرتی ئەو هاووڵاتییە بخەنە گەڕ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە