چالاکێکی سیاسیی خەڵکی دیواندەرە لە سلێمانی تیرۆر کرا

هەنگاو: چالاکێکی سیاسیی کورد کە لە ١٠ ساڵ لەمەوبەرەوە وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژیا، لە لایەن چەند چەکدرێکی نەناسراوەوە تیرۆر کرا.

٢٣ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٢٢:٣٩

 

هەنگاو: چالاکێکی سیاسیی کورد کە لە ١٠ ساڵ لەمەوبەرەوە وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژیا، لە لایەن چەند چەکدرێکی نەناسراوەوە تیرۆر کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٤ی جەلای ٢٠٢١)، چالاکێکی سیاسیی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی "بێهرووز رەحیمی" ناسراو بە ڕێبین، کە تەمەنی ٤٩ ساڵ بووە، لە شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی ژاڵەی سلێمانی کە لە دەرەوەی شار هەڵکەوتووە، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە سیاسییە پاسەوانی کۆگایەک بووە و لە لایەن سەرنشینانی ئوتۆمبێلێکی BMWی ڕەش بە دەمانچەیەک کە بێدەنگکەری لەسەر بووە، لە پشتەسەرڕا تەقەی لێ کراوە و لە پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شۆڕشی سلێمانی بە هۆی قووڵ بوونی برینەکەیەوە گیانی لە دەستداوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕێبین ڕەحیمی هاوکات لەگەڵ پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکە ڕایگەیاند، ڕێبین یەکێک لە ئەندامانی چالاکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و لە دە ساڵ لەمەوبەرەوە وەک پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان نشتەجێ بوو. ناوبراو سەرەتا لە قەڵادزێ دادەنیشت و لەم ساڵانەی دواییشدا دانیشتووی سلێمانی بووە.

تەرمی ڕێبین رەحیمی گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و بڕیارە ئەمڕۆ ڕادەستی بنەماڵەکەی بکرێ.

تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هێچ روونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. بەم حاڵەشەوە چالاکانی مەدەنی، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران، کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا نزیک ٤٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کردووە، بە ئەنجامدانی ئەم تیرۆرە تۆمەتبار دەکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە