چالاکێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەیەکی بریتانیا مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: چالاکێکی کورد کە چەند مانگ لەمەوبەر وەک پەناخواز ڕووی کردبووە بریتانیا، بە گوێرەی یاسای دوبلین مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئاڵم

٨ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٠:٣٢

 

 

هەنگاو: چالاکێکی کورد کە چەند مانگ لەمەوبەر وەک پەناخواز ڕووی کردبووە بریتانیا، بە گوێرەی یاسای دوبلین مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئاڵمانی لەسەرە و ئەگەری ئەوەش هەیە لە ئاڵمانەوە دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەوید قادری، پەناخوازی خەڵکی شاری سەردەشت، لە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە بڕیاری دیپۆرت کرانەوەی لە بریتانیاوە بۆ ئاڵمان لە بەندیخانەی بروکهاوسی بریتانیا مانی لە خواردن گرتووە.

نەوید قادری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، چوار مانگ لەمەوبەر و پاش ئەوەی داوای پەنابەرییەکەم لە لایەن وڵاتی ئاڵمانەوە ڕەد کرایەوە، هاتمە بریتانیا؛ بەڵام ئەوان پاش ئەوەی زانییان داوای پەنابەریی من لە ئاڵمان ڕەد کراوەتەوە، بە بێ هیچ جۆرە لێکۆڵێنەوەیەک داوای پەنابەریی منیان ڕەد کردەوە و بڕیاریان دا بۆ ئاڵمان دیپۆرت بکرێمەوە.

ئەم چالاکە کوردە کە ماستەری پەیوەندیی نێودەوڵەتییەکانی هەیە، ساڵی ٢٠١٧ بە هۆکاری سیاسی و وەک پەناخواز چووە بۆ ئاڵمان و لە پاش پێشکەش کردنی داوای پەنابەری و دوای قۆناغی پێداچوونەوە، داواکەی لە لایەن وڵاتی ئاڵمانەوە ڕەد کراوەتەوە. لە ئەنجامی ئەم ڕەد کرانەوەیەدا و بە هۆی ئەوەی مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێرانی لەسەر بووە، خۆی گەیاندووەتە بریتانیا.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری دیپۆرت کرانەوەی نەوید قادری بۆ ئاڵمان و لەوێوە بۆ ئێران، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کرانەوەی ئەم چالاکە کوردە، هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە کار.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە