چالاکێکی مەدەنی خەڵکی دێولان حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی دێولان کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگا

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٧:٣٨

 

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی دێولان کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی ”سابیر قادری“ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی دێولان بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سابیر قادری جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)“ حوکمی پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“ حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی سابیر قادری ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵ (٢ی سێپتامبر) بە سەرۆکایەتی دادوەر تەیاری بەڕێوە چووە و حوکمی ناوبراو بۆ ٢٨ مانگ و ٨ مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان زیاترین حوکمی ناوبراو واتە ٢٨ مانگ بەندکرا دەبێ جێبەجێ بکرێت.

سابیر قادری تەمەن ٤٤ ساڵ ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٩ (٩ی دێسامبری ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولان لە پارێزگای سنە دەستبەسەر و پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ”حەشیمەی شەیدای سەوزی لەیلاخ“ و ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە