چالاکێکی مەدەنی خەڵکی مەهاباد سزای ٣٩ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی مەهاباد کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئە

٨ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١٠:٢٥

 

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی مەهاباد کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەرەستوو مەلاڕەحیمی (ڕەسووڵ) ، چالاکی مەدەنی خەڵکی مەهاباد لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران” سزای ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕووپاگەندە دژی حکوومەت” سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانەکەی جێبەجێ دەکرێت.

دانیشتنی دادگای ئەرەستوو مەلاڕەحیمی کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو (سەرەتای مارس) بەڕێوە چووە و سزاکەی ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (٢٧ی مارسی ٢٠٢١) پێی ڕاگەیەندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم چالاکە مەدەنییە تانەی لە بڕیاری دادگای بەرایی داوە و دۆسیەکەی بە مەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

ئەرەستوو مەلاڕەحیمی ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢٣ی ژانویەی ٢٠٢١) دوای بانگ کرانی بۆ ناوەندی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و پاش یەک حەوتوو دەستبەسەر کران بە بارمتە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە