چالاکێکی کورد دوای رخنە گرتن لە خامنەیی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە دوای پشتیوانی کردنی داواکاری ١٤ چالاکی ئێرانی کە داوایان لە خامنەیی

١٨ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١٩:٤٧

 

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە دوای پشتیوانی کردنی داواکاری ١٤ چالاکی ئێرانی کە داوایان لە خامنەیی کردبوو دەست لەکار بکیشێتەوە، دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی ڕۆژی هەینی (١٨ی گەلاوێژی ٢٧١٩ / ٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ”سیرووس عەباسی“ و دوای دەستبەسەر کردن بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

سیروس عەباسی چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدۆیی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بڵاو کردبووە و وێرای پشتیوانی لە داواکاری ١٤ چالاکی ئێرانی بۆ دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی، داوای لە ناوبراو کردبوو کە وێڕای دەست لەکار کێشانەوە بوار بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی ئازاد بڕەخسێنێت هەتا نەوەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.

هاوژینی سیرووس عەباسی لە ئینستاگرامی خۆی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەر کردنی ناوبراو، ڕایگەیاندووە کە لەو چەند ڕۆژەدا هێزە ەمنییەکان چەندین جار ڕژاونەتە ماڵیان و ویستوویانە سیروس دەستبەسەر بکەن کە دواجار ڕۆژی هەینی دوای وەرگرتنی بەڵگەی دادوەری داواکاری گشتی دێولان، دەستبەسەریان کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە