چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سنە، بۆکان و پیرانشار دەستبەسەر کران

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران چوار هاووڵاتیی کوردیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەر

٦ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٢١:٢٦

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران چوار هاووڵاتیی کوردیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە (٣ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ٢٣ی ژانویەی ٢٠١٩)، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شارەدێی پەسوێ سەر بە پیرانشار لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵیان بە ناوی ”عادڵ قادری“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە (١ی ڕێبەندان / ٢١ی ژانویە)، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣١ ساڵی خەڵکی بەخشی سیمینەی بۆکان بە ناوی ”ئاکام قادری“ کوڕی ڕوستەم لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

هەمان ڕۆژ، لاویکی خەڵکی سنە بە ناوی ”مێهران محەمەدی“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی گوندی نەڕان سەر بە شاری سنە بە ناوی ”فەرشید فەیزوڵڵاهی“، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دا دەستبەسەر کراوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە