پێنج هاووڵاتیی کورد کە دوویان مێرمنداڵن دەستبەسەر کران

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم چوار هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە شارەکانی مەهاباد، کرماشان، سەردەش

٢٣ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٠٣:٤٨


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم پێنج هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە شارەکانی مەهاباد، کرماشان، سەردەشت و پیرانشار دەسبەسەر کراون کە دوو کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ١٦ و ١٧ ساڵە بووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٢ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی کێلە سپیانی ناوچەی لاجانی پیرانشار بە ناویت ”دیاکۆ تارا“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دیاکۆ تارا بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراوە.


لەلایەکی دیکە و ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، دوو  مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و ١٧ ساڵ بە ناوەکانی ”مەتین خولە“  و "مەسعوود خولە" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەهاباد دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دوای دەستبەسەر کرانی مەتین خولە ماڵی باوکی ناوبراویان پشکنیوە و دەستیان بە سەر کەرەستە تایبەتییەکانیدا گرتووە.


هەمان ڕۆژ، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی میراوێی سەردەشت بە ناوی ”عوسمان ڕووستا“ لەلایە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و چارەنووسی ناڕوونە. ناوبراو سەرۆکی شوورای چارەسەری کێشەکانی گوندی میراوێ بووە.


لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان بە ناوی ”فەرشاد بەیگی“ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە