ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ دا

هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەر

٩ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٨:٥٦

 

هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، لانیکەم ۴۸ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون و زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٠٣ کەسیان سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢١٥ کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها ٣٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون و ٤٣ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ١٨ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.  هەروەها ٨٠ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە و ٤٦٠ کرێکاریش لە سەر کارەکانی خۆیان دەرکراون.

 

ڕاپۆرتی تایبەت و وردەکاری زیاتر لە سەر هەر کام لەم بەشانە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.

 

سێدارە

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ زایینی، لانیکەم سزای سێدارەی ۴۸ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە. لەو ژمارەیە ۳۱ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ١٦ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی تۆمەتبارێک کە لە تەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان ببوو و هەروەها سزای سێدارەی ژنێک جێبەجێ کراوە.

 

کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ دا لانیکەم ٢١٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٥٢ کەسیان کوژراون و ١٦٣ کەسیان بریندار بوون.

زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای سنە بوونەتە قوربانی کە ١٠٩ حاڵەت بووە.

هەروەها لە کۆی ئەو حاڵەتانە، ١٤٠ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران ، تورکیا و عێراق بوونەتە قوربانی و باقی حاڵەتەکان بە هۆی ڕووداوی سروشتی و تەقینەوەی مین و... بووە. لەو ١٤٠ حاڵەتە ١٣٤ حاڵەتی بە تەقەی هێزەکانی ئێران بووە.

لە ساڵی ٢٠٢١ دا لانیکەم ٤ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و ٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.

 

کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١، لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١٣ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٧ کەسیان بریندار کراون.

لە کۆی ئەو ٣٠ کەسە ٤ کەسیان ژن بوون کە یەکێکیان منداڵێکی ٤ ساڵان بووە.

 

تەقینەوەی مین

لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانیکەم ٤٣ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی.

لەو ڕێژەیە ١٥ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون.

 

دۆخی بەندیخانەکان

لە ساڵی ٢٠٢١ زایینی لانیکەم ١٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ١٠ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ٤ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.

هەروەها، ٥ بەندکراو بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە و بەندکراوێک خۆی کوشتووە و هۆکاری گیان لە دەست دانی بەندکراوێک نەزانراوە.

 

دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە

لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٦٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا ناسنامەی ٥٦٧ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

هەروەها، لەو ژمارەیە ٣٧ کەسیان ژن و ١٨ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووه. زۆربەی دەستبەسەر کراوان خەڵکی پارێزگای ئورمیە بوون کە ٢٨٧ حاڵەت بووە.

 

سەپاندنی سزا

لە سالی ٢٠٢١ لانیکەم ١٠٣ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١٠٢ هاووڵاتی سەرجەم سزای ٣٥٢ ساڵ و ٦ مانگ و لێدانی ٥٤٠ قامچییان بەسەردا سەپاوە و چالاکێکی سیاسیش سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

 

مافی کرێکاران

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢١دا لانیکەم ٨٠ کرێکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و نەبوونی ئیمینی لە شوێنی کار گیانیان لە دەست داوە و ٤٦٠ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئاسایشی کار لە سەر کارەکانیان دەرکراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە