ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٧٢١ دا

هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٧٢١ی کوردی (١٤٠٠ی هەتاوی)، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتی

٢٨ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٥:٠٩

 

هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٧٢١ی کوردی (١٤٠٠ی هەتاوی)، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٧٢١ی کورد، لانی کەم ٥٨ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ٨٩ کەسیان سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها ٣١ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون و ٥٠ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ١٧ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ٨١ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە و ٤٦٠ کرێکاریش لە سەر کارەکانی خۆیان دەرکراون.



سێدارە
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٧٢١ی کوردی، لانی کەم سزای سێدارەی ٥٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە. لەو ژمارەیە ٤٠ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ١٧ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

زیاترین ژمارەی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد کە ٢٧ حاڵەت بووە لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە. هەروەها لە پارێزگای کرماشان ١٣ حاڵەت، لوڕستان ٩ حاڵەت، سنە ٣ حاڵەت و ئیلام ٦ حاڵەت لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد تۆمار کراوە.

لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی تۆمەتبارێک بە ناوی سەجاد سەنجەری خەڵکی مایەشتی کرماشان کە لە تەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان ببوو جێبەجێ کراوە.


کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن

لە ماوەی ساڵی ٢٧٢١ دا لانی کەم ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٤٨ کەسیان کوژراون و ١٩٠ کەسیان بریندار بوون.

زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای سنە بوونەتە قوربانی کە ١٠١ حاڵەت بووە. لە پارێزگای کرماشان ٩١ کۆڵبەر و لە پارێزگای ئورمیەش ٤٦ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی.

هەروەها لە کۆی ئەو ٢٣٨ حاڵەتە، ١٤١ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران، تورکیا و عێراق بوونەتە قوربانی و باقی حاڵەتەکان بە هۆی ڕووداوی سروشتی و تەقینەوەی مین و... بووە. لەو ١٤١ حاڵەتە ١٣٦ حاڵەتی بە تەقەی هێزەکانی ئێران بووە.

لەم ساڵدا لانی کەم ٣ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و ٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.


کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی دا٢٧٢١، لانی کەم ٣١ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٥ کەسیان بریندار کراون.

لە کۆی ئەو ٣١ کەسە ٦ کەسیان ژن و ٣ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ و منداڵ و مێرمنداڵ بوون.


تەقینەوەی مین
لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانی کەم ٥٠ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە سوپای پاسداران لەم دوایانەدا چاندوویەتی بوونەتە قوربانی.

لەو ڕێژەیە ١٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە ٣٨ حاڵەتیش بریندار بوون.

زیاترین قوربانییەکان بە ٣٨ حاڵەت کۆڵبەران، کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون بوون و زیاترین قوربانی لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان بە ٢٠ و ١٥ حاڵەت تۆمار کراوە.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە ١٦٪ی قوربانیان تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردوودا ژنان و مێرمنداڵان بوون کە بریتییە لە ٤ ژن و ٨ مێرمنداڵ و منداڵ.


دۆخی بەندیخانەکان
لە ساڵی ٢٧٢١ دا لانی کەم ١٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ٨ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ٤ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.

هەروەها، ٧ بەندکراو بە هۆی پێ ڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە و بەندکراوێک خۆی کوشتووە و هۆکاری گیان لە دەست دانی بەندکراوێک نەزانراوە.


دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە

لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا ناسنامەی ٤٨٥ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان کە ٤٠١ حاڵەت بووە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون. هەروەها لەو ماوەیەدا ٥٧ چالاکی مەدەنی، ١٩ چالاکی مەزهەبی و ٨ چالاکی کرێکاری و پیشەیی دەستبەسەر کراون.

هەروەها، لەو ژمارەیە ٣٧ کەسیان ژن و ١٩ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. لەم ساڵدا ٧ چالاکی بواری میدیا، ٦ خوێندکار، ٧ مامۆستای قوتابخانە و پارێزەرێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

زیاترین ڕێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان بە ٢١٥ حاڵەت لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە. هەروەها لە پارێزگاکانی سنە ٢١١ حاڵەت، کرماشان ٤٨ حاڵەت، ئیلام ٩ حاڵەت و لوڕستان و خوراسان هەر کامەیان یەک حاڵەتی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد تۆمار کراوە.


سەپاندنی سزا
لە ساڵی ٢٧٢١ دا لانی کەم ٨٩ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ٨٦ هاووڵاتی سەرجەم سزای ٣٤٠ ساڵ بەندکران و لێدانی ٢٤٠ قامچییان بەسەردا سەپاوە و سێ چالاکی سیاسیش سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ڕابردوودا مامۆستایەکی قوتابخانە، ٢ خوێندکار، ٧ چالاکی بواری میدیا، ١٧ چالاکی ژن و مێرمنداڵێکی ژێر ١٨ ساڵ لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.


مافی کرێکاران
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٧٢١ دا لانی کەم ٨١ کرێکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و نەبوونی ئیمینی لە شوێنی کار گیانیان لە دەست داوە و ٤٦٠ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئاسایشی کار لە سەر کارەکانیان دەرکراون.






 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە