ِڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر پێشێلکردنی سیتماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە ساڵی ٢٧٢٠

هەنگاو: لە کۆتای ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی (٢١ی مارسی ٢٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١)، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆ

٢٩ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ٢٣:٣٤

 

هەنگاو: لە کۆتای ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی (٢١ی مارسی ٢٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١)، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی لە سەر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی، لانیکەم ٥٦ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون و زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٤٩ کەسیان حوکمی سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها ٣٦ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون و ٤١ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ٢٢ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

 

سێدارە

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٠ی کورد (١٣٩٩ی هەتاو)، لانیکەم حوکمی سێدارەی ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا ٤ بەندکراوی سیاسی لەسێدارە دراون و ٤٨ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی کورد بە ناوی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور تیرباران کراوە کە تەنانەت بە پێی یاسا نیوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش قەدەغەیە و لە دوو دەیەی ڕابردوودا حاڵەتی لەم شێوە نەبینراوە. هەروەها شایان سەعیدپوور خەڵکی سەقز کە لە تەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان ببوو حوکمەکەی جێبەجێ کراوە و دوو ژنیش لەسێدارە دراون.

مستەفا سەلیمی، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، دیاکۆ ڕەسووڵ زاده و سابیر شێخ عەبدوڵڵا ئەو چوار بەندکراوە سیاسیە بوون کە ساڵی ڕابردوو لە سێدارە دراون.

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: ١٩ حاڵەت (١٩ پیاو)

پارێزگای سنە: ١٧ حاڵەت (٢ ژن و ١٥ پیاو)

پارێزگای کرماشان: ٩ حاڵەت (٩ پیاو)

پارێزگای لوڕستان: ٩ حاڵەت (٩ پیاو)

پارێزگای ئیلام: ١ حاڵەت (١ پیاو)

پارێزگای مازەندەران: ١ حاڵەت (١ پیاو)

 

جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان

چالاکانی سیاسی: ٤ حاڵەت

کوشتنی ئەنقەست: ٤٨ حاڵەت

تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٤ حاڵەت

 

کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن

لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی لانیکەم ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٦٧ کەسیان کوژراون و ١٧١ کەسیان بریندار بوون.

زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە بوونەتە قوربانی کە ١٠١ حاڵەت بووە.

هەروەها ١٩٩ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران و تورکیا بوونەتە قوربانی و باقی حاڵەتەکان بە هۆی ڕووداوی سروشتی و تەقینەوەی مین و... بووە.  لەو ژمارەیە ١٦ کەسیان بە دەستی هێزەکانی تورکیا بوونەتە قوربانی کە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١١ کەسیان بریندار بوون.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٣ کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ گیانیان لە دەست داوە و ٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

 

هۆکاری کوژران یان بریندار بوون

تەقەی ڕاستەوخۆ: ١٩٩ حاڵەت (٤٧ کوژراو و ١٥٢ بریندار) کە دەکاتە ٨٣.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوی سروشتی: ٢٧ حاڵەت (١٦ کوژراو ١١ بریندار) کە دەکاتە ١١.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

تەقینەوەی مین: ٥ حاڵەت (٥ بریندار) کە دەکاتە ٢.١٪ی کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوی هاتووچۆ: ٥ حاڵەت (٣ کوژراو و ٢ بریندار) کە دەکاتە ٢.١٪ی کۆی حاڵەتەکان.

لێدان و کوتان و ئەشکەنجە: ٢ حاڵەت (١ کوژراو و ١ بریندار) که دەکاتە ٠٨.٪ی کۆی حاڵەتەکان.

 

جیاکردنەوە بە پێی پرێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: ١٠١ حاڵەت (٤٨ کوژراو و ٥٣ بریندار)

پارێزگای سنە: ٧٢ حاڵەت (١٦ کوژراو و ٥٦ بریندار)

پارێزگای کرماشان: ٦٥ حاڵەت (٣ کوژراو و ٦٢ بریندار)

 

کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی، لانیکەم ٣٦ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٢٠ کەسیان بریندار بوون

سێ کەس لەوانەی کوژراون خەڵکی شارەکانی شنۆ و ماکۆ بوون و بە تەقەی هێزەکانی تورکیا کوژراون.

 

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئیلام: ١ حاڵەت (١ کوژراو)

پارێزگای کرماشان: ٦ حاڵەت (٣ کوژراو و ٣ بریندار)

پارێزگای سنە: ١٣ حاڵەت (٢ کوژراو و ١١ بریندار)

پارێزگای ئورمیە: ١٦ حاڵەت (١٠ کوژراو و ٦ بریندار)

 

تەقینەوەی مین

لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٤١ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی.

لەو ژمارەیە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٣١ کەسیان بریندار بوون و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون کە ٢٠ حاڵەت بووە. هەروەها ١٨ کەس لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و ٣ هاووڵاتی مەدەنیش بوونەتە قوربانی.

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: ٩ حاڵەت کە دەکاتە ٢١.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای سنە: ١١ حاڵەت کە دەکاتە ٢٧٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای کرماشان: ١١ حاڵەت کە دەکاتە ٢٧٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای ئیلام: ١٠ حاڵەت کە دەکاتە ٢٤.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

 

دۆخی بەندیخانەکان

لە ساڵی ٢٧٢٠ لانیکەم ٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ٩ حاڵەتی بە هۆی تووشبوون بە پەتای کرۆنا بووە.

هەروەها ٦ هاووڵاتی لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان گیانیان لە دەست داوە و هاووڵاتییەکیش دوای دەستبەسەر کران بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە. یەکێک لەو کەسانەی کە لەژیر ئەشکەنجەدا کوژراوە بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی جوانڕۆ بووە بە ناوی خەلیل مورادی کە خوێندکار بوو و دوای دەستبەسەر کران لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی کرماشان کوژرا.

 

دەستبەسەر کرانی نایاسایی هاووڵاتیانی کورد

لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا ناسنامەی ٤٦١ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

هەروەها، لەو ژمارەیە ٣٣ کەسیان ژن و ١٣ کەسیان مێرمنداڵ، ٩ کەسیان خوێندکار، ٣ کەسیان پارێزەر، ٣ کەسیان مامۆستای قوتابخانە و ٩ کەسیان ڕۆژنامەنووس و میدیاکار بوون.

 

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: ٢٠٤ حاڵەت

پارێزگای سنە: ١٨١ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ٦٠ حاڵەت

پارێزگای لوڕستان: ٣ حاڵەت

پارێزگای ئیلام: ١٩ حاڵەت

پارێزگای مازەندەران: ١ حاڵەت

پارێزگای هەمەدان: ١ حاڵەت

 

جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان

چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان: ٣٤٦ حاڵەت

چالاکانی مەدەنی: ٥٥ حاڵەت

چالاکانی مەزهەبی: ٤٦ حاڵەت

کۆڵبەران و کاسبکاران: ١٤ حاڵەت

 

 

سەپاندنی سزای سێدارە، بەندکران و قامچی بە سەر چالاکانی کورد

لە سالی ٢٧٢٠ی کورد لانیکەم ١٤٩ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و حوکمی سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١٤٧ چالاکی کورد سەرجەم سزای ٤٨٣ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران و دوو چالاکی دیکەش سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە. هەروەها ٣٢ کەسیان سەرجەم سزای لێدانی ١٢١٢ قامچییان بەسەردا سەپاوە .

لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١١ چالاکی ژنی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٥٢ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران و هەروەها لێدانی ٣٠ قامچییان بە سەردا سەپاوە کە ٨ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و ٣ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی دادگایی کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە