ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر پێشێلکردنی مافی کرێکاران لە کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە (١ی مەی ٢٠٢١)

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر وەک ساڵانی ڕابردوو ڕاپۆر

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١٨:٠٨

 

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر وەک ساڵانی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر پێشێلکرانی مافەکانی کرێکاران لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ١ی مەی ٢٠٢٠ هەتا ١ی مەی ٢٠٢١ لانیکەم ٧١٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی کرێکاران لە کوردستان تۆمار کراوە کە گیان لە دەستدانی ٦٨ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار، کوژران و بریندار بوونی ١٦ کرێکار، جووتیار و چێوار بە هۆی تەقینەوەی مین، کوژران و برینداربوونی ٢٥٥ کۆڵبەر و کاسبکار، دەستبەسەرکرانی ١٨ چالاکی کرێکاری و کۆڵبەر، هەروەها دەرکرانی ٢٥٤ کرێکار لە کارەکانیان لە خۆ دەگرێت.

لەو ماوەیەدا لانیکەم ٥ کەسی ژێر ١٨ ساڵ گیانیان لە دەست داوە کە یەکێکیان بە هۆی ڕووداوی کار و ٤ کەسیان لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داە.

 

گیان لە دەستدانی ٦٩ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کارەوە

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ١ی مەی ٢٠٢٠ هەتا ١ی مەی ٢٠٢١ لانیکەم ٦٩ کرێکاری کورد لە کاتی کارد کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە کە تەمنی یەکێکیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.

لە کۆی ئەو ٦٩ کرێکارە کە گیانیان لە دەست داوە ٣٣ کەسیان لە پارێزگای سنە، ١٩ کەسیان لە پارێزگای ئورمیە، ١٢ کەسیان لە پارێزگای کرماشان و ٥ کەسیان لە پارێزگای ئیلام بوون.

هەروەها ٧ کرێکار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ٧ کرێکار لە شارەکانی ناوەندی ئێران و ٥٥ کرێکاریش لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی جۆراوجۆرەوە گیانیان لە دەست داوە.

٢٩ کرێکار بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ١٢ کرێکار بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ١٠ کرێکار بە هۆی تەزووی کارەبا، ٩ کرێکار بە هۆی داڕمانی دیوار و ٣ کرێکاریش بە هۆی سووتانەوە گیانیان لە دەست داوە.

 

قوربانیانی مین

لە ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ١٦ شوان، جووتیار و چێواری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی کە ٥ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١١ کەسیان بریندار بوون.

 

کوژرانی ٦٧ کۆڵبەر

بە پشتبەسن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ١ی مەی ٢٠٢٠ هەتا ١ی مەی ٢٠٢١، لانیکەم ٦٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون.

لە کۆی ئەو ٦٧ کۆڵبەرە  ٤٦ کەسیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا، ١٦ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سرووشتی، ٣ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و ٢ کەسیان لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کوژراون.

هەر لەو ماوەیەدا لانیکەم ١٨٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بریندار کراون.

لە کۆی ئەو کۆڵبەرانە ٧ کۆڵبەر تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە ٤ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٣ کەسیان بریندار بوون.

 

دەستبەسەر کرانی چالاکانی کرێکاری

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ماوەی ١ی مەی ٢٠٢٠ هەتا ١ی مەی ٢٠٢١ لانیکەم ٧ چالاکی کرێکاری کورد و ١١ کۆڵبەر و کاسبکار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبە سەر کراون.

 

دەرکرانی ٣٥٤ کرێکار

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای بێکار بوونی بە شێکی زۆر لە کرێکاران لە ئاکامی بلاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لانیکەم ٣٥٤ کرێکار بە فەرمانی بەرپرسانی خۆیان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

تەعاونی ١٦٣ی سنە لە ژانویەی ٢٠٢١ لانیکەم ٣٠ کرێکاری خۆی دەرکردووە.

پێترۆشیمی ئیلام لە فێوریەی ٢٠٢١ لانیکەم ٣٠٠ کرێکاری خۆی دەرکردووە.

کۆمپانی بەنداوی چەپەراوای پیرانشار لە فێوریەی ٢٠٢١ لانیکەم ٢٤ کرێکاری دەرکردووە.

 

شایانی باسە مافی کۆبوونەوە، رێکخراو و ئازادیی رێکخراوەیی بە پێی ستانداردە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ وەکوو یاساکانی مافەکانی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکانی کار لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوونی نیە. تەنیا بنکە کرێکارییەکانی سەربە دەسەڵاتن کە مۆڵەتی چالاکییان لە ژینگەی کاردا هەیە و هیج کاریگەرییەکی لە سەر باشترکردنی دۆخی کار و خوێندنی مافە رەواکانی کرێکارندا نیە و پارێزەری بایەخەکانی ئیدۆلۆژیکی دەسەڵات لە ژینگەی کارن.

هیچ چەشنە هاوئاهەنگی و سازانێک لە گەڵ رێکخراوە کرێکارییەکانی دەرەوەی ئەوانەی سەربە دەسەڵات بوونی نیە و هەرچەشنە ئەندامەتی لە رێکخراوگەلێک وەک کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی رێکخراوگەلی سەربەخۆی کرێکاری بەرەوڕووی تۆمەتگەلێکی ناڕوون وەک هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەبێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە