ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لە سەر کارنامەی مافی مرۆڤیی حەسەن ڕۆحانی لە کوردستاندا

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ گەیشتنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕاپۆرتێکی ئاماری لە پێشێلکرا

٢٤ جۆزەردان ٢٧٢١، ٢٠:٠٥

 

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ گەیشتنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕاپۆرتێکی ئاماری لە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی چوارساڵەی دووهەمی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕۆحانیی ئامادە کردووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە جۆزەردانی ساڵی ٢٧١٧ تا جۆزەردانی ٢٧٢١ (ژوئەنی ٢٠١٧ تا ژوئەنی ٢٠٢١) و لە ماوەی خولی دووهەمی سەرکۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا، لانیکەم سزای لەسێدارەدانی ٢٥٦ هاووڵاتیی کورد جێبەجێ کراوە و ٩٠٩ کۆڵبەر و کاسبکاریش بوونەتە قوربانی.

 

لە سێدارەدانی ٢٥٦ هاووڵاتیی کورد

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە خولی دووهەمی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا، لە جۆزەردانی ٢٧١٧ تا جۆزەردانی ٢٧٢١، لانیکەم ٢٥٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئیران لە سێدارە دراون.

لە کۆی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون، ١١ کەسیان ژن و ٢٤٥ کەسیش پیاو بوون. هەروەها ٧ کەس لەو هاووڵاتییانەی لە سێدارە دراون لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیاندا، تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ٢٠ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئایینی، ١٨٣ هاووڵاتی بە تۆمەتی کوشتنی ئانقەست، ٥١ هاووڵاتی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و دوو هاووڵاتییش بە تۆمەتی دەستدرێژی کردنی سێکسی لە سێدارە دراون.

لەم ماوەیەدا سزای لە سێدارەدانی لانی کەم 7 کەس لە شارەکانی خۆی، ئیلام، سەلماس (هەر کامیان دوو کەس) و شائاباد (یەک کەس)، لە شوێنی گشتی و لەبەرچاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.

 

کوژران و بریندار بوونی ٩٠٩ کۆڵبەر و کاسبکار

بە پشت بەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی چوار ساڵی دووهەمی سەرۆککۆماریی ڕۆحانیدا، لانیکەم ٩٠٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونە قوربانی کە ٢٧٤ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٦٦٢ کەسی تریش بریندار بوون.

نزیک بە ٧٨٪ی ئەو کاسبکار و کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی (١٨٥ کوژراو و ٥٢٢ بریندار)، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران کوژراون یا بریندار بوون.

هەر لەم ماوەیەدا لانی کەم ١٤ کۆڵبەری تەمەن ژێر ١٨ ساڵ، کوژراون و ٩ کۆڵبەری تەمەن ژێر ١٨ ساڵیش بریندار بوون.

 

کوژران و بریندار بوونی ٧٣ هاووڵاتیی مەدەنی

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٣٦ هاووڵاتیی ئاسایی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران لە شارە جیاوازەکانی کوردستان کوژراون و ٣٧ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها، لە ماوەی ناڕەزایی دەربڕینەکانی پاییزی ٢٧١٩، لانیکەم ٤٣ هاووڵاتیی کورد کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتییش بریندار بوون.

 

دەستبەسەر کرانی ٢٦١٩ هاووڵاتیی کورد

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی خولی چوارساڵەی دووهەمی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا، لانی کەم ٢٦١٩ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کراون کە ١٦٣ کەسیان لە چالاکانی ژن و ٦٢ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە.

هەر لەو ماوەیەدا ٢٤ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ و ٦٧ ڕاگەیاندنکار و ٦٦ چالاکی خوێندکاری و ٧ پارێزەر لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، ١٩٧٧ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت، ٣٦٨ کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەدەن و ٢٠٢ کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئایینی و ١٤٣ کەسیش بە تۆمەتی چالاکیی کرێکاری یا لە کاتی کۆڵبەریدا دەستبەسەر کراون.

 

دەرچوونی سزای زیاتر لە ٢٦٠٠ ساڵ بەندکران و ٢٣ سزای لەسێدارەدان بۆ چالاکانی کورد

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٧١٠ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، ئایینی، مەدەنی و کرێکاری، سەرجەم بە ٢٦٣٢ ساڵ و ١١ مانگ بەندکران سزا دراون و هاووڵاتییەکیش بەندکرانی هەتاهەتاییی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها هەر لەم ماوەیەدا ٢٣ چالاکی سیاسی و ئایینیی کورد لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

لەم ماوەیەدا ٨٥ چالاکی کوردیش لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئسلامیی ئێرانەوە بە گشتی بە لێدانی ٥٣٠٢ قەمچی سزا دراون.

 

دۆخی بەندیخانەکانی کوردستان

لە ماوەی خولی دووهەمی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا، لانیکەم ٧٧ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران و شارەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە کۆی ٧٧ بەندکراو کە گیانیان لەدەست داوە، ١٤ کەسیان واتا زیاتر لە ١٨٪یان بەندکراوی سیاسی بوون.

٢٢ بەندکراو لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ٣١ بەندکراویش بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی یا کەمتەرخەمی لە گواستنەوەیان بۆ بنکەی تەندروستی گیانیان لە دەست داوە. ٦ حاڵەتی خۆکوژی  بەندکراوان تۆمار کراوە و سێ حاڵەتیش بە تەققەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و سێ حاڵەتیش مەرگی گوماناوی تۆمار کراوە.

سەرەڕای ئیدیعای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەبارەی سەربەخۆیی دەسەلاتە سیانییەکانی ئیران، وەزارەتی ئیتلاعاتی حەسەن ڕۆحانی یەکێک لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و یەک لە تۆمەتبارانی سەرەکیی پێشێل کرانی مافی بنەمایییەکانی مرۆڤ لە کوردستانە.

 

هەنگاو جەخت لەسەر ئەو خاڵەش دەکاتەوە کە سەرەڕای هەبوونی هێندێک ناکۆکی لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە کوردستان، بۆ سەرکوتی ئاشکرای مافی هاوولاتییان و پێشێلکرانی ئازادییە تاکەکەسییەکان، هەماهەنگییەکی تەواو لە نێوان ئەم دەزگا ئەمنییانەدا هەیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە