ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو سەبارەت بە یەحیا ڕەحیمی کە لە شەقامی بەهمەنی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە + ڤیدیۆ

دوابەدوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە شوناسی کەسێک کە ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی شاری سنەدا لە لایەن هێزە ئەمن

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٦:٣٨


دوابەدوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە شوناسی کەسێک کە ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی شاری سنەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە، تیمی یاسایی هەنگاو، دیمەنی نوێی ئەو ڕووداوەی بە دەست کەوتووە.

لەم ڤیدیۆ نوێیەدا کە بە هۆی پچڕانی ئینتەرنێتی سنەوە درەنگ گەیشتە دەست هەنگاو ئاشکرایە کە پرایدێک بە ژمارە پلاکی ٣٩٩ص٣٦ (ایران-٥١) لە شەقەمی شەشەمی بەهمەن لە بەرامبەر پاساژی "گلها" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر.

هێزە ئەمنییەکان بە جلی مەدەنییەوە بە تێڵا هێرش دەکەنە سەر ئەو پرایدە بە جۆرێک کە شووشەی پێشەوەی دەشکێنن و شۆفێرەکە بە خێرایی لە شوێنەکە دوور دەکەوێتەوە. پاش ئەوەی چەند مەترێک دوور دەبێتەوە، دیسان ڕادەوەستێت و دوابەدوای ئەوە دەنگی تەقەیەک دەگاتە گوێ، لە دیمەنەکەدا دیارە کە هەمان ئوتۆمبێلی پراید بە هەمان ژمارە پلاکی ٣٩٩ص٣٦ (ایران-٥١) لە پێش دەرمانخانەی مانگی سوور تەقەی لێ کراوە و شۆفێرەکەی کوژراوە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون، خاوەنی ئەم پرایدە کەسێکە بە ناوی "یەحیا ڕەحیمی سەراب شەهرەکی".

بەڵام سەرەڕای پشتڕاستکرانەوەی کوژرانی شۆفێری ئەم ئۆتۆمبێلە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەوەی شیاوی سەرنجە، یەک بوونی ناوی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە و ئەو کەسەیە کە تەقەی لێ کراوە. بەم مەبەستە هەنگاو پاش گفتوگۆ لەگەڵ چەند کەسێکی ئاگادار ڕایدەگەیەنێ کە شوناسی کەسی کوژراو هەمان خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە واتا "یەحیا ڕەحیمی سەراب شەهرەکی" بووە کە کوژرانەکەی لە لایەن فەرماندەی هێزی ئینتزامیی کوردستانەوە نکۆڵیی لێ کراوە.

عەلی ئازادی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەسنیم بە درۆ، شەقامێکی لاوەکی بە ناوی شەقامی تەعریفی وەک شوێنی کوژرانی ئەو کەسە ناساندووە و ڕایگەیاندووە ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڤیدیۆکاندا بە ئاشکرا دیارە کە ئەو کەسە لە شەقامی شەشەمی بەهمەن تەقەی لێ کراوە.


شیاوی ئاماژە پێ کردنە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە سنە کوژراون زیاتر لە چوار کەسە بەڵام لە دۆخی ئێستادا و بە هۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە و تەنانەت تێکچوونی تۆرەکانی مۆبایلی سنە، ناتوانین لەمبارەیەوە ئاماری یەکلاکەرەوە بڵاو بکەینەوە.

هەنگاو
٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢
 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە