ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر خۆپیشاندانەکانی ٢٠ی ڕەزبەر لە شارەکانی کوردستان

ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، خۆپیشاندانی بەر بڵاوی هاووڵاتییان لە زیاتر لە ١٠ شاری جیاوازی کوردستان بەردەوام بووە. هێزە سەرکوت کارەکانی حکومەت بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێرشیا

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٤:٠٣


هەنگاو: پێنجشەممە ٢١ ڕەزبەری ٢٧٢٢

ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، خۆپیشاندانی بەر بڵاوی هاووڵاتییان لە زیاتر لە ١٠ شاری جیاوازی کوردستان بەردەوام بووە. هێزە سەرکوت کارەکانی حکومەت بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و لانی کەم ٤ کەسی مەدەنی کوژراون.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە گەڕەکی دەرە درێژی کرماشان ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی سینا نادری تەمەن ٢٢ ساڵ و ئارمین سەیادی تەمەن ١٨ ساڵ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژران.

لە شاری سنە، بەرەنگاری خۆپیشاندەران لە بەرامبەر هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت بەردەوام بوو و لە گەڕەکی نایسەر هاووڵاتییەک بە ناوی عەزیز مورادی لەلایەن ئەو هێزانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناو خۆپیشاندانەکاندا بریندار بوو و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

لە شاری بۆکانیش خۆپیشاندانەکان بە هێرشی هێزەکانی حکومەت ئاڵۆزی تێکەوت و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بە ناو خۆپیشاندەرەکاندا، هاووڵاتییەک بەناوی کەماڵ فەقێهی گیانی لە دەست دا. دواتر تەرمی ئەم هاووڵاتییە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەختی پووری شارەکە. هەنگاو زانیویەتی ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ئەم هاووڵاتییەی شاری بۆکان نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ژێر گوشاری هێزەکانی حکومەتتدا و لە کەشێکی ئەمنیدا بەڕێوەچووە.

ناڕەزایەتییەکانی دوێنێ کە لە ١٠ شاری ئیلام، کرماشان، سنە، دیواندەرە، سەقز، مەریوان، بانە، مەهاباد، بۆکان و ئورمیە بەڕێوەچوو، بەربڵاوترین ناڕەزایەتییەکانی سێ هەفتەی ڕابردوو بووە.

شایانی باسە، بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو ئەندامێکی هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەهاباد و سێی دیکە لە کرماشان کوژراون. ٤٠ کەسی دیکە لە هێزەکانی حکومەت لە شارۆچکەی دەرەدرێژی کرماشان بە سەختی بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی سەربازی ئەبولفەزل لەم شارە گوازراونەتەوە.


١٣٠ی هاووڵاتیش لە شارەکانی کوردستان بریندار بوون، لە خوارەوە ئاماژە بە شارەکان و ژمارەی بریندارەکان دراوە:

لە شاری ئیلام ٩ کەس، کرماشان ٤٣ کەس، سنە ١٦ کەس، مەریوان ٦ کەس، سەقز ١١ کەس، دیواندەرە ٣ کەس، و لە شاری مەهاباد ٨ کەس بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە