ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (بەفرانباری ٢٧٢٠)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

٢ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٥:٥٢

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٠ ، لانیکەم ١٠٦ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

کۆڵبەران ( ١٨ حاڵەت)

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١٨ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧کەسیان گیانیان لە دەست. کەسێکیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ و ٦ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سرووشتی گیانیان لە دەست داوە.

 هەروەها ١١ کۆڵبەر بریندار بوون کە ٨ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە و سێ کەسیش بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر بریندار بوون.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٧ حاڵەت)

لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لاینکەم ٥ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی سنە و یەزد لەسێدارە دراون. هەر پێنج کەسەکە بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپابوو.

هەروەها، لەو ماوەیەدا دوو بەندکراوی خەڵکی شاباد و هەرسین لە بەندیخانەی خوڕەمئاوا و کرماشان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (نەبووە)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێکی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیان بە هۆی تەقینەوەی مین یان تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران تۆمار نەکراوە.


دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٧٨ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٦٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون کە دوو کەسیان مێرمنداڵ بوون.

هەروەها، ١٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم حوکمی ٤١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

کرێکاری (٣ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا لانیکەم ٣کرێکاری خەڵکی شارەکانی مەریوان و قوروە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە