ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (بەفرانباری ٢٧٢١)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧٥ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

٢ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١١:٠١

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧٥ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی بەفرانباری ٢٧٢١ ، لانیکەم ٧٥ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

کۆڵبەران ( ١١ حاڵەت)

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١١ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە کەسێکیان گیانی لە دەست داوە. ئەو کەسە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

هەروەها، ١٠ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون کە ٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٢ کەسیان بە هۆی تەقینەوەی مین و کەسێکیان بە هۆی بەربوونەوە لەهەڵدێرەوە بریندار بوون.

جێگای ئاماژەیە کە سێ کۆڵبەری خەڵکی ئورمیە نزیکەی ١٠ ڕۆژە ون بوون و چارەنووسیان نادیارە.

 

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (١٣ حاڵەت)

لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لانیکەم ١٢ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە، ئیلام و لوڕستان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لەسێدارە راون.

هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز بە هۆکارێکی نادیار و گوماناوی گیانی لە دەست داوە.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (١٢ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودالانیکەم ١٠ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی بانە، قەقز، دێهلۆڕان، مێهران و نەوسوود بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی کە ٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، کچێکی ٨ ساڵەی خەڵکی ماکۆ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و خۆشکە ١٦ ساڵەکەشی بریندار کراوە.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٣٧ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٧ هاووڵاتیی کورد کە دوو کەسیان ژن بوون لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ١٠چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ٢٦ ساڵ  و یەک مانگ و دوو ڕۆژ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

کرێکاری (٢ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا لانیکەم ٢ کرێکاری خەڵکی شارەکانی ڕەبەت و ئورمیە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە