ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (خەرمانانی ٢٧٢١)

ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (خەرمانانی ٢٧٢١)

10:19 - 23 September 2021

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٨٤ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی خەرمانانی ٢٧٢١ ، لانیکەم ٨٤ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران ( ١٩ حاڵەت)

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١٩ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٨ کەسیان گیانیان لە دەست. ٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا کوژراون و کۆڵبەرێکیش بە هۆی ڕووداوی سروشتی گیانی لە دەست داوە.

 

هەروەها، ١١ کۆڵبەر بریندار بوون کە ٦ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، ٤ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و کەسێکیان بە هۆی ڕووداوی سروشتییەوە بریندار بوون.

 

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٤ حاڵەت)

لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لاینکەم هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە مادده هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی زەنجان لەسێدارە دراوە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا سێ بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لە دەست داوە.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٥ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هیچ حاڵەتیکی قوربانی بوون بە هۆی تەقینەوەی مین تۆمار نەکراوە.

هەروەها، پێنج هاووڵاتیی مەدەنی خەڵکی شارەکانی نەغەدە، بانە و نەوسوود کە یەکێکیان تەەمنی تەنیا ٤ ساڵ بووە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٤٤ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٣٨ هاووڵاتیی کورد کە کەسێکیان تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ٧ هاووڵاتیی دیکە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم سزای ١٤ ساڵ و ٥ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

کرێکاری (١٢ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا لانیکەم ١٢ کرێکاری خەڵکی شارەکانی کرماشان، سەوڵاوا، بانه، نەغەدە، نۆدشە، پاوه و مەریوان لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە که دوو کەسیان لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.