ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (سەرماوەزی ٢٧٢١)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٦٩ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ بەفرانبار ٢٧٢١، ٠٤:٤٨

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٦٩ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سەرماوەزی ٢٧٢١ ، لانیکەم ٦٩ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران ( ٢٧ حاڵەت)

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٢٧ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٣ کەسیان گیانیان لە دەست داوە. دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێران و کاسبکارێکیش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، ٢٤ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون کە ١٤ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٥ کەسیان بە هۆی بەربوونەوە لە چیا و ٥ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ بریندار بوون.

 

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٣ حاڵەت)

لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لانیکەم دوو هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و سنە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە لەسێدارە دراون.حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد بە تۆمەتی بەغی و بەندکراوێکی دیکەش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپاوە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی خەڵکی مێهران لە بەندیخانەی ئیلام هەوڵی خۆکوشتنی دا و بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە گیانی لە دەست دا.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٤ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودالانیکەم ٣ هاووڵاتی لە شارەکانی قەسری شیرین، دێهلۆڕان و ئورمیە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

هەروەها، هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان لەو شارە بە تەقەی هێزە چەکارەکانی ئێران کوژرا.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٣١ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی کورد کە کەسێکیان ژن کەسێکیان ژێر ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ٣ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ٣ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

کرێکاری (٤ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا لانیکەم ٤ کرێکاری خەڵکی شارەکانی مەهاباد، سەوڵاوا و پاوە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە. کرێکارێک لە هەرێمی کوردستان گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە