ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (پووشپەڕی ٢٧٢١)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٩٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

٢ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١١:٠٠

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٩٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی پووشپەڕێ ٢٧٢١ ، لانیکەم ٩٧ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران ( ٢٦ حاڵەت)

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٢٦ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٥ کەسیان گیانیان لە دەست. سەرجەم ئەو پێنج کۆڵبەرە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.

هەروەها، ٢١ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١٣ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، ٧ کەسیان بە هۆی لێدان و کوتانی هێزە چەکدارەکان و کەسێکیان بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرەوە بریندار بوون.

 

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (١١ حاڵەت)

لە مانگی پووشپەڕئ ئەمساڵ لاینکەم سزای سێدارەی ١٠ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە، مەهاباد، سەڵماس و ئیسفەهان جێبەجێ کراوە. کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ٩ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە مادده هۆشبەرەکان ئەو سزایانەیان بە سەردا سەپاوە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٧ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٤ هاووڵاتی لە سنوورەکانی سەقز و کرماشان بە هۆی تەقینەوەی مین و خومپارەه گیانیان لە دەست داوە و دوو هاووڵاتیش لە سنووری دێهلۆڕان بریندار بوون.

هەروەها، هاووڵاتییەکی مەدەنی خەڵکی مەریوان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٤٨ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٠ هاووڵاتیی کورد کە دوو کەسیان تەمنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە و ٧ هاووڵاتیی دیکە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم سزای ٣٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

کرێکاری (٥ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا لانیکەم ٥ کرێکاری خەڵکی شارەکانی بانه، سنە، سەردەشت و ئەیوانی غەرب (٢ حاڵەت) لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە