ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (ڕەزبەری ٢٧٢١)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٠٩:٥٢

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕەزبەری ٢٧٢١ ، لانیکەم ٥٧ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران ( ٥ حاڵەت)

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٥ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە یەکێکیان گیانیان لە دەست. ئەو کۆڵبەرە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

هەروەها، ٤ کۆڵبەر بریندار بوون کە ٣ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ و کەسێکیان بە هۆی ڕووداوی سروشتییەوە بریندار بوون.

 

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٦ حاڵەت)

لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لاینکەم پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی کرماشان، هەرسین، کەنگاوەر و بێستوو بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە بەندیخانەکانی کرماشان و کرماشان لەسێدارە دراون.

هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی خەڵکی ئیلام لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەکانی بەندیخانەی فەشافوویەی تاران گیانی لە دەست داوە.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٦ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودالانیکەم ٤ هاووڵاتی لە شارەکانی مێهران، نەوسوود، بێستوون و مەهاباد بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

هەروەها، دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە شارەکانی سنە و پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٣٤ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٣٤ هاووڵاتیی کورد کە دوو کەسیان ژن و کەسێکیان منداڵێکی ٤ ساڵان بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ١١ هاووڵاتیی دیکە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم سزای ٣٦ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

کرێکاری (٦ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا لانیکەم ٦ کرێکاری خەڵکی شارەکانی مەهاباد، سەوڵاوا، سەقز، جوانڕۆ، سنە و پیرانشار لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە