ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (گەلاوێژی ٢٧٢١)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٨٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ خەرمانان ٢٧٢١، ٢٠:١٤

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٨٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ٢٧٢١ ، لانیکەم ١٧٨ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران ( ٣٠ حاڵەت)

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٣٠ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٣ کەسیان گیانیان لە دەست. دوو کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و کۆڵبەرێکیش بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، ٢٧ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١٥ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، ٧ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و ٥ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتییەوە بریندار بوون.

 

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (١٠ حاڵەت)

لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لاینکەم سزای سێدارەی ٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە، کرماشان، کەرەج و ئیسفەهان جێبەجێ کراوە. چوار کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ٤ کەسی دیکەشیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە مادده هۆشبەرەکان ئەو سزایانەیان بە سەردا سەپاوە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی ئورمیە و بۆکان لە بەندیخانەکانی ئەو دوو شارە گیانیان لە دەست داوە.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٥٤ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دوو هاووڵاتی لە سنووری دێهلۆڕان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لە دەست داوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

هەروەها، هاووڵاتییەکی مەدەنی خەڵکی نەغەدە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ٥٠ هاووڵاتیی دیکەش لە خۆپێشاندانەکانی نەغەدە و کرماشان بریندار کراون.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٧٤ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٦٦ هاووڵاتیی کورد کە کەسێکیان تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ٨هاووڵاتیی دیکە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم سزای ٢٥ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانیان و لێدانی ١٨٠ قامچییان بە سەردا سەپاوە.

 

کرێکاری (١٠ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا لانیکەم ٤ کرێکاری خەڵکی شارەکانی کرماشان و سنە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە کە یەکێکیان تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە.

هەروەها ٦ کرێکاری کارگەی بنێشتی وەن لە شاری سنە لە سەر کار دەرکراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە