ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (بانەمەڕی ٢٧٢٢)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٠٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٠٩:٣٤

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٠٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی بانەمەڕی ٢٧٢٢، لانی کەم ١٠٢ حاڵەت پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

کۆڵبەران (٣٩ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٣٩ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە دوو کەسیان گیانی لە دەست داوە. یەکێک لەو دوو کەسە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ئەوی دیکەیان بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.

هەروەها، ٢٧ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون ٢٩ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٢ کەسیان بە هۆی لێدان و کوتانیان لەلایەن چەکدارەکانەوە و ٦ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی بوونەتە قوربانی.

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٢ حاڵەت)

لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لانی کەم بەندکراوێکی خەڵکی شاری چگینی پارێزگای لوڕستان کە بە هۆی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا سزاکەی جێبەجێ کراوە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان لە دەستبەسەرگەی ئاگاهی بوئینی کەرەج لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.


کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٧ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هاووڵاتییەک لە سنە بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست داوە و ٣ هاووڵاتیش لە سنووری شارەکانی ئورمیە، پیرانشار و سەقز بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.
هەروەها، لانی کەم ٣ هاووڵاتی لە شارەکانی پیرانشار و مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

دەستبەسەر کران و سەپاندنی سزا (٥٢ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣٧ هاووڵاتیی کورد کە ٦ کەسیان ژن و کەسێکیان مێردمنداڵ و تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ١٥ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ٢٩ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.


کرێکاری (٢ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا لانی کەم ٢ کرێکاری خەڵکی شارەکانی کۆتۆل و ئیلام لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە