ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (جۆزەردانی ٢٧٢٢)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٢٨ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٠:١٠

 


هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٢٨ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جۆزەردانی ٢٧٢٢، لانی کەم ١٢٨ حاڵەت پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛


کۆڵبەران (١٨ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ١٨ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٣ کەسیان گیانی لە دەست داوە. یەکێک لەو دوو کەسە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و دوو کاسبکاریش بە هۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها، ١٥ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون ١١ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، یەک کەسیان بە هۆی لێدان و کوتانیان لەلایەن چەکدارەکانەوە و ٣ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی بوونەتە قوربانی.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (١٣ حاڵەت)
لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لانی کەم سزای سێدارەی ١٢ بەندکراوی کوردی خەڵکی شارەکانی مەلەکشایی، ئیلام، ئورمیە، هەرسین، کۆتۆل و ئەیوان جێبەجێ کراوە. ٨ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست، ٣ بەندکراو بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و فیرووز مووسالوو بە تۆمەتی سیاسی سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و سزاکەیان جێبەجێ کراوە.
هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی سیاوەش بەهرامی دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست داوە.


کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٢ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سەربازێک لە سەردەشت بە هۆی ڕووداوی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست داوە.
هەروەها، هاووڵاتییەکی مەدەنی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سنووری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە.


دەستبەسەر کران و سەپاندنی سزا (٨٥ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم٧٩ هاووڵاتیی کورد کە ٢ کەسیان ژن و ٢ کەسیان مێردمنداڵ و تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ٦ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ٢ ساڵ و ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

کرێکاری (١٠ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانی کەم ١٠ کرێکاری خەڵکی شارەکانی کرماشان، کۆتۆل، سەڵماس و ئورمیە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە