ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (خاکەلێوەی ٢٧٢٢)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٢٩١ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٠:٢٠

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٢٩١ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی خاکەلێوەی ٢٧٢٢، لانی کەم ٢٩١ حاڵەت پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛


کۆڵبەران (٣١ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٣١ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە سێ کەسیان گیانی لە دەست داوە کە هەر سێیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.


هەروەها، ٢٨ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون کە سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٣ حاڵەت)


لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لانی کەم ٢ بەندکراوی خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئەراک لە سێدارە دراون.

هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهی شاپوری تاران لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.


کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە)


لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێکی قوربانی بوون بە هۆی تەقینەوەی مین و هەروەها کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران تۆمار نەکراوە.


دەستبەسەر کران و سەپاندنی سزا (٨٨ حاڵەت)


بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٨٨ هاووڵاتیی کورد کە ٨ کەسیان ژن و ٨ کەسیان مێردمنداڵ بوون لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ٣٠ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ٧١ ساڵ ٤ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.


کرێکاری (١٦٩ حاڵەت)


لەو ماوەیەدا لانی کەم ٦ کرێکاری خەڵکی شارەکانی ڕوانسەر، جوانڕۆ، کامێران، سەوڵاوا (٢ حاڵەت) و سەقز لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.


هەروەها ١٦٣ کرێکاری شارەوانی شارەکانی ئیلام و سنە لە سەر کارەکانی خۆیان دوور خراونەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە