ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (پووشپەڕی ٢٧٢٢)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٩٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٠٩:٥٧


هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٩٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٢، لانی کەم ٩٧ حاڵەت پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

کۆڵبەران (٢١ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٢١ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە سەرجەمیان بریندار بوون.

لە کۆی ئەو ٢١ کۆڵبەرە کە بریندار بوون ١٤ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دوو کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و ٥ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی بوونەتە قوربانی.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٤ حاڵەت)
لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لانی کەم سزای سێدارەی ٣ بەندکراوی کوردی خەڵکی شارەکانی کرماشان و کۆیەشت جێبەجێ کراوە. ٢ کەسیان بە تۆمەتی دزی چەکدارانە و کەسێکیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایانەیان بە سەردا سەپاوە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شنۆ بە ناوی مەتین حەسەنوەند ڕۆژێک دوای ئەوەی مافی مرەخەسی پێدرا بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٨ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی ژنێک و کچەکەی کە خەڵکی ئورمیە بوون بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون. هاووڵاتییەکی خەڵکی بانەش لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست داوە.


هەروەها، هاووڵاتییەکی مەدەنی خەڵکی ئیلام بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ٣ هاووڵاتیی مەدەنی دیکەش کە خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، ئیلام و دیواندەرە بوون بە تەقەی ئەو هێزانە بریندار کراون.

دەستبەسەر کران و سەپاندنی سزا (٦٢ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٥٩ هاووڵاتیی کورد کە ٢ کەسیان ژن و کەسێکیان مێردمنداڵ و تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.


هەروەها، ٣ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

کرێکاری (٢ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانی کەم ٢ کرێکاری خەڵکی شارەکانی کرماشان و ئورمیە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە