ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (ڕێبەندانی ٢٧٢١)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٨١ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٤:٢٢

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٨١ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢١، لانی کەم ٨١ حاڵەت پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛


کۆڵبەران (٩ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٩ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە دوو کەسیان گیانی لە دەست داوە. یەکێک لەو دوو کەسە بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و کەسێکیش بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرەوە گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، ٧ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون کە ٦ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و کەسێکیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بریندار بوون.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٥ حاڵەت)
لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ لانی کەم ٤ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە، کرماشان و ئەلیگودەرز بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست) ٣ حاڵەت) و تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان (١ حاڵەت) لە سێدارە ڕاون.


هەروەها، لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام بە هۆی پێڕانەگیشتنی پزیشکی گیانی لە دەست داوە.


کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٦ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٤ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی قەسری شرین، دێهلۆڕان و بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی کە یەکێکیان ژن و یەکێکیان منداڵ بووە.


هەروەها، هاووڵاتییەکی مەدەنی خەڵکی کرماشان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و هاووڵاتییەکی خەڵکی بانەش بریندار کراوە.

دەستبەسەر کران و سەپاندنی سزا (٥٤ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٥١ هاووڵاتیی کورد کە ٤ کەسیان ژن و ٢ کەسیان مێردمنداڵ بوون لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.


هەروەها، ٣ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ٢ ساڵ ٦ مانگ بەندکران و پێ بژاردنی ٣٠ ملیۆن تمەن پارەیان بە سەردا سەپاوە کە یەکێکیان ١٨ ساڵ تەمەنی بووە.

کرێکاری (٧ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانی کەم ٧ کرێکاری خەڵکی شارەکانی تیکاب، شاباد، سنە، سەوڵاوا (٢ حاڵەت)، جوانڕۆ و دیواندەرە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە